ئەنجوومەنی گوندی “گوهەرزێ”ـی سنووری قەزای ئامێدی، داوای کۆتایی هێنان و دوورخستنەوەی شەڕری پەکەکە و تورکیا دەکەن لەسەر خاکەکەیان و ڕایدەگەیەنێنن:شەڕەکە بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی گوندەکە، نەتوانن کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بکەن.
موختار و ئەنجوومەنی گوندی “گوهەرزێ”ـی سنووری قەزای ئامێدی، ڕوونکردنەوەیەکیان لەبارەی شەڕی ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو بڵاو کردەوە و دەڵێن:دەڤەری ئامێدی بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەت گوندی گوهەرزێ، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بووەتە گۆڕەپانی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکی گوندەکە، نەتوانن کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بکەن، ئەمەش نیگەرانیانی کردووە.” باسی لەوەش کردووە “بەهۆی شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا، تاوەکوو ئێستە چەندان جار موڵک، خانوو و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانی سڤیل گولـلـە و تۆپیان بەر کەوتووە و بوونەتە قوربانیی شەڕەکە.”
لەبارەی شەڕەکەی ئێوارەی هەینیش، ئەوە خراوەتە ڕوو، شەڕەکە لە دووەم ڕۆژی پرسەی دانیشتوویەکی گوندەکە، لەو کاتەی پێشوازیی لە میوانان دەکرا، ڕووی داوە و دانیشتووانی گوندەکەی، بە پیر، گەنج و منداڵەوە خەمگین، نیگەران و ترساندووە بەتایبەت منداڵان.
موختار و ئەنجوومەنی گوندی گوهەرزێ داوا لە پەکەکە و سوپای تورکیا دەکەن، شەڕەکەی خۆیان لە گوندەکەیان و هاووڵاتییانی سڤیل دوور بخەنەوە و دۆخی ئەمنی و لایەنی دەروونیی خەڵک ڕەچاو بکەن. هاوکات باس لەوەش کراوە “لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکەینەوە، ئێمە بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان لەم شەڕەدا ناکەین و ئارامی و سەقامگیریی خەڵکی گوندەکەمان بە هیچ نرخێک ناگۆڕینەوە.”
ئەوەشیان خستووەتەڕوو: بە مافی خۆمانی دەزانین، سکاڵا لەسەر هەموو ئەو کەسانە تۆمار بکەین کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمەتی بێبنەمای بە خەڵکی گوندەکەمان کردووە.”
شەڕی پەکەکە و تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان، تەنیا زیانی بە گوندنشینان و جووتیاران نەگەیاندووە، بەڵکو کەرتی گەشتیاری هەرێمی کوردستانی لەو ناوچانە سست کردووە،
ناوچە سنوورییەکان دیمەنێکی سەرنج ڕاکێشیان ھەیە و خاوەنی دەیان شوێنی گەشتیاریین، بە خاکی بەپیت ناسراون لە ڕووی کشتوکاڵ و گەشتیارییەوە ھەر چوار وەرزی ساڵ سوودیان لێ دەبینرێ بە مەزەندەی شارەزایان دەیان ھەزار کەس دەیانتوانی سوودمەند بن، بەڵام بەھۆی پەکەکەوە، نەتوانراوە گرنگی بەو ناوچانە بدرێت.
پەکەکە لە زۆربەی ناوچە سنوورییەکان، بنکە و بارەگای داناوە، گشت ئەو دەڤەرانەش شوێنی گەشتیارین، کەچی پەکەکە لەو شوێنانە خاڵی پشکنینی داناوە، ئەمەش گەشتیارانی ھەراسان کردووە، ھەرکاتێک شتێک رووبدات، کاریگەری نەرێنی دەبێت، ئەگەر پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکان نەبێت، تورکیاش بوردومانی ناوچەکە ناکات، گەشتیارێکی زۆر روو لە شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن، ھاووڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەکان داوا لە پەکەکە دەکەن لە ناوچەکە نەمێنێت بۆ ئەوەی ناوچە سنوورییەکان ئارام بن و گەشتیاران سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان بکەن.
لە سنووری شارەدێی دینارتە، بەھۆی بوونی بنکەو بارەگاکانی پەکەکە ٢٤ گوند چۆڵکراون، مەترسی چۆڵبوونی چەند گوندێکی دیکەش ھەیە. بەرپرسانی ئەو شارەدێیەش دەڵێن، شوێنە گەشتیارییەکانی ناوچەکە بەھۆی پەکەکەوە بێ خزمەتگوزارین و نەمان توانیوە دەستی ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچانە درێژ بکەین.
ھاووڵاتیانی ئەو گوندانەی چۆڵکراون دەڵێن، بەھۆی نزیکبوونەوەی پەکەکە لە گوند و ئاواییەکان، ناتوانین سەردانی گوندەکانمان بکەین، ئەمە لە کاتێکدایە بژێوی ژیانمان لەسەر بەرھەمە سرووشتییەکانە، بەڵام ئێستا پەکەکە لەو بژێوییە بێبەشی کردووین، بۆیە داوا لە پەکەکە دەکەین لە گوند و ئاواییەکان نزیک نەکەونەوە و سوپای تورکیاش گوند و ئاواییەکان بۆردومان نەکات، بۆ ئەوەی چی دیکە زەرەرمەند نەبین و نەبینە قوربانی.
حاجی ئەسعەد، کە خەڵکی یەکێک لەو گوندانەیە کە چۆڵکراوە بۆ “ھەولێر” دەڵێت:” شەڕی پەکەکە و تورکیا دوور و نزیک ھیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نیە، پەکەکە بۆتە کێشە بۆ ئێمە و بیانۆ دەداتە تورکیا، بۆ ئەوەی گوند و ئاواییەکانی ئێمە بۆردومان بکات، بەردەوام لە ناو مەترسی و دڵەڕاوکێی ھێرشی فڕۆکە جەنگییەکان داین، کە جیا لە زیانە گیانییەکان، زیانێکی زۆری ماددیش بەر رەز و باخ و دارستان و ژینگەی ناوچەکە کەوتووە.