ڕائیب جادر – هەولێر
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی تورکیا و عێراق ھیچ کێشەیەک نییە لە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم و ڕۆژانە ٣٢٥ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکرێت. جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەم ھەفتەیە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم دەستپێدەکاتەوە. دەشڵێ: بۆ پێداویستی ناوخۆ، ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە ١١٥ ھەزار بەرمیل نەوتە.
یەک شەممە، ٢ـی شوباتی ٢٠٢٥، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، دەنگی لەسەر ھەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و ماددەی ١٢ـی تایبەت بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دا.
لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣وە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە ڕاگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا، پێش ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوت، ڕۆژانە ٤٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی بۆڕی نەوتی عێراق – تورکیا ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان دەکرا.
ھەمواری ماددەی ١٢ تایبەتە بە بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کە بڕی ١٦ دۆلار وەکو تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی بەرمیلێک نەوت دیاری دەکات تاوەکو ئەو کاتەی لایەنێکی نێودەوڵەتی ڕاوێژکاری نرخێکی خەمڵێندراو دیاری دەکات، پێویستە لەو ماوەیەدا ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەست بکات. مایڵز کاگنز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) ئاشکرای کرد: زیانی وەستاندنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆریی عێراق – تورکیا گەیشتووەتە ٢٤ ملیار دۆلار.
دوای دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمووە، دەبێت بەغدا مانگانە ٢٥٠ ملیار دینار بداتە ھەرێمی کوردستان وەکو خەرجیی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی نەوتەکە، تاوەکو ئەو کاتەی دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی بڕی خەرجییەکە دیاری دەکات. حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی فیدراڵ ڕایگەیاند: بۆریی نەوتی بەندەری جەیھان ئامادەیە و ئومێد دەکەین لەو دوو ڕۆژەدا دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکەین، بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندییەکان لەگەڵ لایەنی تورکی بەردەوامە بۆ ئەوەی دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکەین، کە لای خۆمان ھەموو ئامادەکارییەک تەواو کراوە.
حەیان عەبدولغەنی، ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو بڕەی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەری ڕێککەوتوون بەپێی یاسای بودجە، ٣٠٠ بۆ ٣٢٥ ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە بۆ ئەوەی لەڕێگەی بەندەری جەیھانەوە ھەناردەی بکەین، بەشەکەی دیکەش بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی ناوخۆ دابین دەکرێت.
د. خدر ھەژار، پسپۆری بواری نەوت و وزە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم، چەند لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستاندایە، دوو ئەوەندەش لەبەرژەوەندی عێراقدایە، لە ھەمان کاتدا ھەناردەی نەوتی کوردستان گرفتە داراییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارە دەکات و کاریگەری دەبێت لەسەر پڕکردنەوەی کورتھێنانی بودجە و تەرخانکردنی پارە بۆ کۆمپانیاکانی وەبەرھێنانی نەوت.
لە ٢٠٠٧ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ڕەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕێگر بووە لە تێپەڕاندنی، جگە لە ڕەشنووسی ٢٠٠٧، ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠١١ دوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئامادەکران، بەڵام بەھۆی ناکۆکیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان پەسەند نەکران. ئەو پسپۆرەی بواری نەوت و وزە، دەشڵی: یاسای نەوت و گاز نەخشەی نەوتی لە عێراق دەکێشێتەوە و چارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکات و گرێنتی پاراستنی مافەکانی ھەردوولاش دەکات، کە ئێستا نەبوونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆری بۆ عێراق دروست کردووە، ئەگەر یاساکە ھەبێت، ھەموو ئەو کێشانەی ئێستا ھەن چارە دەبن، ئەگەر پڕۆژەیاسای نەوت و گاز بە ڕێککەوتنی ھەموو پێکھاتە و لایەنەکانی عێراق پەسەند بکرێت، عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێ و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغدا دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە نەھرۆ ڕواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: دوای ئەوەی یاسای بودجە ھەموار کرایەوە، یاساکە کەوتووتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئەو کۆمپانیایانەی لە ھەرێم کار دەکەن یەک مەرجیان ھەبوو، ئەویش ئەوە بوو کە ھەناردەکردنەوەی نەوت دووربێت لەو سیاسەتەی کە بەغدا بەرانبەر بە ھەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکات، ھەناردەکردنەوەی نەوت تەنیا بابەتێکی ئابووری و بازرگانی بێت، ئێستا ئەوان ھیچ کێشەیەکیان نییە و ئامادەن بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوت، بۆیە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی تورکیا و عێراق ھیچ کێشەیەک لە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم نییە و ئەم ھەفتەیە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم دەستپێدەکاتەوە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەشڵێ: بۆ پێداویستی ناوخۆ، ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە ١١٥ ھەزار بەرمیل نەوتە، ئەوەش گەرەنتی کراوە و ھیچ کێشەیەک نییە و ھەولێر و بەغدا لەسەری ڕێککەوتوونە.