کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ھەماھەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو

لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، بەسەرپەرشتیی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندیی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان بەڕێوەچوو، کە تێیدا کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە دوا پێشھات و گۆڕانکارییەکان و مەترسییە سروشتی و دەستکردییەکان و چەندان پرسی دی تاووتوێ کران.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی ٢ی ٢٠٢٥، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “بەسەرپەرشتیی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و بە ئامادەبوونی سەرجەم پارێزگار و سەرپەرشتیاریی ئیدارە سەربەخۆکان و ئەندامانی ئەنجوومەن لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندیی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو”.

وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر کار و چالاکییەکانی ساڵی ڕابردوو، دواتر دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتەکان و گۆڕانکارییە خێراکانی کەشوھەوا لە ناوچەکە و ھەروەھا ڕشتەی مەترسییە سروشتی و دەستکردەکان و بابەتی کۆچ و پێداچوونەوە بە ھەنگاوەکانی قۆناغی ڕابردوودا و ئامادەکاری بۆ قۆناغەکانی ئاییندە بەوردی تاووتوێ کرا”.