بەپێی ئەنجامی سەرژمێری دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق زیاد بکرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دوێنێ دەرەنجامی ئەو سەرژمێرییە بە فەرمی بڵاو کرایەوە کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، ئامارەکان ئەوە دەسەلمێنن کە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زۆر لەو ڕێژەیە زیاترە لە یاسای بودجە بۆی دیاری کراوە و لە هەمان کاتدا ئامارەکان دەری دەخەن ئەگەر پرسی ئیدارەی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستان لەبەرچاوبگیرێت ڕێژەکە زۆر بەرزتر دەبێتەوە.

بەپێی ئامارەکە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق لە خراپترین گریمانەدا بۆ سەرووی چواردە لەسەدا زیاد دەکات، بەڵام بە پێوەری سنووری ئەو ناوچانەی لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرێوە دەبرێن، ڕێژەکە دەگاتە پازدە لەسەدا و لە داهاتووشدا ئەگەر مادەی سەد و چل یەکلایی بکرێتەوە ئەوا ڕێژەکەی بۆ زیاتر لە بیست لەسەدا بەرز دەبێتەوە.
لەدوای دامەزراندنی عێراقی فیدراڵی، بە شێوەیەکی خەمڵێنراو پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق بە حەڤدە لەسەدا دانرا کە تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرا و لە ساڵی ٢٠١٤ لە لایەن حکوومەتی عێراق بە بیانووی نابەجێ بڕدرا. دوای چەند ساڵێک لە ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا، دواتر پشکی دوازدە پۆینت شەست و حەوت لەسەدای لە بودجەدا سەپێنرا و چەند ساڵێکە حکوومەتی عێراق کردوویەتە بنەما بۆ پشکە داراییەی بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت، هەر چەندە ئەویشی ڕەوانە نەکردووە.
بەپێی دەرەنجامەکە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان شەش ملیۆن و پێنجسەد و سێ هەزار کەسە و ئەگەر بە کۆی ژمارەی دانیشتووانی عێراق بەراورد بکرێت ئەوا چواردە پۆینت دە دەستەبەر دەبێت. ژمارەی دانیشتووانی عێراق چل و شەش ملیۆن و سەد و هەژدە هەزار و حەوتسەد و نەوەد و سێ کەسە.
ئەو ژمارەیە هەندێک ناوچەی و قەزا و شارەدێی وەک مەخمووری لەبەرچاو نەگرتووە کە لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێن و خەرجی و خزموتگوزارییەکانیش هەر لە لایە هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت بەڵام لە ڕێژەی دانیشتووان بەهۆی ئەوەی کە سەر بە پارێزگایەکی تری دەرەوەی چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستانن، لە ئامارەکەدا حسابی ئەو تایبەتمەندییە نەکراوە لە کاتێکدا ئەگەر حساب بکرێت ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێتە پازدە لەسەدا.
یاسای بودجەی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ سێ ساڵ نووسرا و پەسند کرا و بە پێی هەڵوێستی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کە کاتی خۆی لە وەڵامی ڕەخنە و گازندەکانی کورددا بڵاو کرایەوە، دەرەنجامی سەرژمێری دەبێتە بنەما بۆ پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق.
دیار نییە قەرەبووی خورانی ئەو پشکە لە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی ڕابردوو دەکرێتەوە یان نا، بەڵام بڵاوبوونەوەی دەرەنجامی سەرژمێری هیچ گومانێکی تێدا نییە کە پێویستە عێراق تا بەر لە یەکلابوونەوەی مادەی سەد و چلی دەستووری لانی کەم پشکی پازدە لەسەدا ڕەوانە بکات .
جگە لەوەی کە پارێزگای کەرکووک پارێزگایەکی کوردستانییە، بەشێکی بەرچاو لە ڕووبەر و ژمارەی دانیشتووان لە پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە و سەلاحەدینیش کوردن و خاکەکەشیان کوردستانە و لە داهاتوودا ئەگەر مادەی سەد و چل یەکلایی بکرێتەوە و سنووری راستەقینەی هەرێمی کوردستان دیاری بکرێت ئەوا هەرێمی کوردستان ڕێژەی دانیشتووان و پشکی لە دارایی و بودجەی عێراق زۆر زیاتر دەبێت.