ئەمڕۆ 24ی شوباتی 2025، لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بیست و شەشەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی ” سیستمی خوێندن لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
لەم گفتوگۆیە كە بەرێزان ” د.ئالان حەمە سەعید، كامەران عەلی حسێن، حەمید ساڵح، دلێر عەبدوڵا، نەرمین شێخ عەلی، سامان سیوەیلی ، یوسف عوسمان، بەكر كەریم حەسەن، ئەرشەد شوكری ئیسلام، د.كەریم شەریف قەرەجەتانی ، كەمال زراری، ناهیدە رەشید ، هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ- شڤان حەمدی، پ.د.نەزاكەت حسێن، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد” ئامادەبوون، لە دەسپێكدا ڕاپۆرتی بازنەی گفتوگۆ لەسەر سكرین بۆ ئامادەبووان پیشاندرا كە تیایدا رابۆچوونی كۆمەڵێك پسپۆر و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و مامۆستایان لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان وەرگیرابوو، پاشان بەشداربووانی بازنەكە زۆر بەراشكاوانە گفتوگۆیان لەسەر سیستمی خوێندن لە هەرێمی كوردستان كرد.
لەم گفتوگۆیە كە بەرێوەبەری خوێندنی كوردی لە پارێزگای كەركوكیش ئامادەبوو، باس لە ئاستەنگ و گرفتەكانی خوێندن لە پارێزگای كەركوك كرا و، پاشانیش سەبارەت بە سیستمی خوێندن لە هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەكی هەمەلایەن هەموو ڕەهەندەكانی سیستمی خوێندنی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت تاوتوێ كران و ڕەخنەی زۆر راشكاوانە لە ژمارەی قوتابخانەكان و بوونی سێ دەوامی لە قوتابخانە حكومیەكان و ، هەروەها شێواز و میتۆدی قوتابخانە ئەهلیەكان خرانە ڕوو، لە هەمانكاتدا پێشنیار و میكانیزمی گونجاو بۆ چارەسەركردنی كێشە و كەموكوریەكان خرانە روو، پاشان د.ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر راشكاوانە باسی لەو میتۆدە كرد كە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ریفۆرم و كار لەسەر پرۆسەی پەروەردە و خوێندن كراوە و ، هەروەها هەڵوەستەی لەسەر ئاستی بە دیجیتاڵكردنی پرۆسەی خوێندن و پرۆسەی بەرێوەبردنی ئەزموونەكان بە تایبەتی ئەزموونە گشتیەكانی هەردوو قۆناخی نۆ و دە بە شێوازی دیجیتاڵی و خێرا كردەوە ، لەبەشێكی دیكەی وەڵامەكانیدا وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە زمانی كوردی وەك زمانی دایك لە هەموو قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان بایەخی تەواوی پێدەدرێت و تەنانەت پرۆگرامێكیان دەست پێكردووە بۆ ئەوەی وانەی كوردی بە منداڵانی تاراوگە هەفتانە لە رۆژانی پشوو دەگوترێتەوەو تا ئێستا نزیكە هەزار منداڵی كوردی تاراوگە لەرێگەی ئەم پرۆگرامەوە سوودمەند بوون و فێری خوێندن و نووسین بە زمانی كوردی كراون، سەبارەت بە گرنگیدانیش بە میژووی كورد و كوردستان، وەزیری پەروەردە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە بایەخدان بە میژووی نیشتمان و نەتەوە زۆر گرنگە وەك پێویستیەك بۆ پەروەردەی ئینتمایی نیشتمانی نەوەكانی داهاتوو سەیری دەكەین لە ئێستادا جەختێكی زۆری لەسەر كراوەتەوە.
جیگەی ئاماژە پێكردنە ، لەم گفتوگۆیەدا دەزگاكانی راگەیاندن ئامادەبوون و راپۆرتی تایبەتیان لەسەر ئەم پرسە گرنگە ئامادەكرد و لە رۆژی 3ی ئایاری 2025 راپۆرتێكی تێر و تەسەل لەسەر ” سیستمی خوێندن لە هەرێمی كوردستان” لە گۆڤاری گوڵان بڵاودەكرێتەوە .