ڕۆژی دووشەممە 24ی شوباتی 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی هەردوو ژووری بازرگانیی كلدانی، ئەمەریكی و ئاشووری، ئەمەریكی بە سەرۆكایەتیی بەڕێز مارتن مەننا سەرۆكی ژووری بازرگانیی كلدانی، ئەمەریكی كرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە پارێزگاریكردن لە پێكهاتەكان و قووڵتركردنی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان هەبوو. هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد كە هەردەم جەختی لەوە كردووەتەوە كە كریستیانەكان لە وڵاتی خۆیان بمێننەوە و كۆچ نەكەن. داواشیان كرد سەرۆك بارزانی پشتیوانی داواكاریی و مافی كریستیانەكان لە دەشتی نەینەوا بێت.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی سەردانی شاندی میوانی كرد بۆ هەرێمی كوردستان و جەختی لەوە كردەوە كە خوشك و برا كریستیانەكان بەشێكی گرنگی وڵاتن و پاڵپشتیی خۆشی بۆ داواكانی خوشك و برایانی كریستیان لە پارێزگای نەینەوا و سەرانسەری عێراق دووپات كردەوە.