بۆشایی ئەمنی ناوچە کوردستانییەکان دەرفەتی بەهێزبوونەوەی داعشە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکان نیگەرانن لەوەی کە تا ئێستا نەتوانراوە بۆشایی ئەمنی ئەو ناوچانە پڕ بکرێتەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت: باشترین چارەسەر بۆ ئەو ناوچانە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـە.

لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا چەکدارانی داعش دووجار ھەوڵیاندا مەڕ و ماڵاتی ھاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی گەرمیان ببەن، ئەوەش دووبارە ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانانی ناوچە کوردستانییەکان دروست کردەوە.
لە ماوەی دواییدا جموجۆڵەکانی داعش لە چەند ناوچەیەکی عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، زیادی کردووە، ھۆکاری سەرەکی ئەوەش کشانەوەی ھێزی پێشمەرگە بوو لەو ناوچانە، لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ناوچە کوردستانییەکان بوونەتە پێگەی سەرەکی گرووپە چەکدارەکانی داعش، ئەگەر چی دەیان جار ئۆپەراسیۆنی سەربازی ھێزەکانی پێشمەرگە و تەنانەت سوپای عێراقیش ئەنجام دراوە، بۆ بنبڕکردنی چەکدارانی داعش، بەڵام بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافیای ناوچەکەوە نەتوانراوە داعش بەیەکجاری لە ناوچەکە بنبڕ بکرێت، ئەمەش وای کردووە کە ئەو چەکدارانە بەردەوام مەترسی بن لەسەر شوانکار و گوندنشینانی ئەو ناوچانە.
بۆشایەکی زۆر لە ناوچە کوردستانییەکان ھەیە، ئەوەش نەک تەنیا بۆ جووتیاران، بەڵکو بۆ شوان و مەڕدار و خەڵکی ئەو ناوچانەش بۆتە کێشە، ھەر ئەوەش وای کردووە کە بە دەیان گوند و ئاوایی چۆڵ ببن، ھاووڵاتییان داوا دەکەن ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەکانی ئەوان بۆ ئەوەی ئەمنیەنی ناوچەکە بگرنە ئەستۆ. فەرماندەکانی پێشمەرگەش، دەڵێن، ئەگەر ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، یان ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە ھەبێت، ئەمن و ئەمان بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێتەوە، ئەوەش وا دەکات خەڵکی ئەو ناوچانە ھەست بە ئاسوودەی بکەن و دووبارە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە درێژایی شەڕی دژ بە تیرۆر و داعش، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکان و پارێزگای نەینەواش، ئەوەی سەلماند کە تاکە ھێزە بتوانێت دڵسۆزانە و بوێرانە ڕووبەڕووی تیرۆریستان ببێتەوە، لە ھەر شوێنێک شەڕی کردبێت، خۆی بە خاوەنی ئەو شوێنە داناوە و سەر و ماڵی خەڵکەکەی پاراستووە، ھەر ئەوەش وای کردووە لە دوای کشانەوەی پێشمەرگە، شیرازەی ژیان و ئاشتەوایی و بەیەکەوە، سەقامگیری و ئاسایش لەو ناوچانە نەمێنێت.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە بەشێک لە ناوچە دابڕێندراوەکان دەگاتە ٤٠ کیلۆمەتر و داعش لەو ناوچانە بەشێوەی گرووپ ھێرشەکانیان ئەنجامدەدەن، فەرماندەکانی پێشمەرگە ھۆکارێکی دیکەی زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعش بە گەڕانەوەی چەکدارەکانیان لە سووریا و عێراق دادەنێن. محەممەد شەریف، فەرماندەی پێشمەرگە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ئەم بۆشاییە بووەتە شوێنێکی ئارام بۆ جموجۆڵی داعش، تەنانەت بووەتە شوێنی مەشقی داعش، ئێمە ئامادەین بۆ ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش و جێگیرکردنی ھێزی ھاوبەش لەو ناوچانە بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە، تەنانەت بۆ کۆتاییھێنان بە داعش بە یەکجارەکی لەو ناوچانە، ئەگەر ئێمە ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش ئەنجام بدەین و لەو ناوچانە نەکشێینەوە، ھێزەکانیشمان جێگیربکەین لەو بۆشاییە بە ھاوبەشی، داعش لەو ناوچانە کۆتایی دێت، بەڵام ئەوەی کە نایکات و نایەتە پێشەوە حکوومەتی عێراقە. زیاتر گوتی، پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراق بزانن کە نەبوونی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، نەبوونی ئارامییە لە ھەموو عێراق.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، بەداخەوە ڕەوشی ناوچە کێشە لەسەرەکان ئەو شوێنانەی کە پێش خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر پێشمەرگە دەی پاراست، فەراغی ئەمنی تێدا دروست بووە، دەرکەوت نە حەشدی شەعبی، نە سوپای عێراق ناتوانن ئەو شوێنانە بپارێزن، بۆیە دەبینین ئێستا فەڕاغێکی ئەمنی زۆر گەورە دروست بووە، بەڕاستی مەترسی داریشە، دەبێت حکوومەتی فیدڕاڵی بە ھەماھەنگی حکوومەتی ھەرێم ھەوڵ بدرێت ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، چارەسەری ئەو ناوچانەش بەوە دەبێت کە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ھەموو شوێنەکان بگرێتەوە، چونکە ئەگەر چارەسەری سیاسی کرا خەڵک تێگەیشت کێ ئیدارەی ئەو ناوچانە دەکات بریارە کۆتاییەکە درا لەڕووی سیاسییەوە لەڕووی ئەمنییەوە ھێزی پێشمەرگە دەتوانێت ئەو ناوچانە بپارێزێت.