تەنیا پێنج ڕۆژ ماون بۆ ھاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز، ئەوەش وای کردووە کە ھەر لە ئێستاوە بازاڕ جموجۆڵی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. لایەنە پەیوەندیدارەکان بازرگانان و فرۆشیاران ئاگادار دەکەنەوە ھەر کەسێک بۆ ڕەمەزان نرخ بەرزبکاتەوە سزا دەدرێت.
بەگوێرەی ناوەندی فەلەکناسیی نێودەوڵەتی، بە ئەگەری زۆرەوە ١ـی مانگی داھاتوو، یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەبێت.
لە ھەرێمی کوردستان ساڵانە لە کاتی بۆنە و جەژنەکاندا بازاڕەکان قەرەباڵخ دەبن، خەڵک چەند ڕۆژێک پێش ھاتنی ڕەمەزان، یان نەورۆز و جەژنەکان، بازاڕکردنیان بیردەکەوێتەوە ئەمەش بوار دەداتە ھەندێک بازرگان دۆخەکە خراپ بقۆزنەوە. بەگوتەی بەرپرسانی حکوومەت، لەسەر ڕێنمایی سەرۆکی حکوومەت ھەموو ئاسانکارییەک بۆ بازرگانەکان کراوە، لەپێناو دابینکردنی خۆراک، ھەروەھا ئیجرائاتی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەکرێت.
لەبەر ئەوەی ڕەوشی ئابووری ھاووڵاتییان جێگیر نییە، داوا دەکەن بازرگان و فرۆشیاران ھاوکار بن لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا نرخی کەلوپەل لە جیاتی ئەوەی گران بکەن، ھەرزان بکەن. ھاووڵاتی کەریم شەوکەت، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: مانگی ڕەمەزان، مانگێکی پیرۆزە، چەند بازرگان و فرۆشیاران نرخی کەلوپەل ھەرزانتر بکەن لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییاندایە، لە ھەمان کاتدا خێریان دەگاتێ لەو مانگەدا ھاوکاری خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت بکەن.
ئازاد موحسێن، فرۆشیارێکە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: خەڵک لەو چەند ڕۆژەدا زیاتر برنج، زەیت، ئاوە تەماتە و ھەندێک پێداویستی دیکەی خواردن دەکرێت، نرخی ئەو کەلوپەلانەش ھەر وەکو خۆیەتی و ھیچ گۆڕانکاریەک بەسەردا نەھاتووە.
ئابووری ناس نەوزاد ھاشم، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: لە ھەر بۆنەیەکدا پێویستە بەپێی پێویست ھاووڵاتییان کەلوپەل بکڕن، نەک کەلوپەلی زیاد بکڕن، ئەوەش وا دەکات کە نرخی کەلوپەل بەجێگری بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەش دەبێت لایەنە پەیوەندارەکان بە وردی چاودێری بازاڕ بکەن، ھەر کەسێک ببینن کە نرخی کەلوپەل گران دەکات بە توندترین شێوە سزا بدەن، بۆ ئەوەی ھیچ بازرگان و فرۆشیارێکی دیکە ئەو بوێرییە بە خۆ نەدات نرخی کەلوپەل گران بکات.
لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ھەرێمی کوردستان دەڵێن، ھەر کەس لە مانگی ڕەمەزاندا نرخ بەرز بکاتەوە یان شتومەکی بەسەرچوو ساخ بکاتەوە، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت و سزا دەدرێت. بەشێک لە بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن: کاری لیژنەکانمان چڕتر دەکەینەوە و ڕێگە نادەین ھیچ کەسێک بە شتومەکی خراپ زیان بە تەندروستی ھاووڵاتییان بگەیێنێت.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، لەڕێگەی ژمارەیەک لیژنەوە چاودێری بازاڕ دەکەین و لە ھەر شوێنێک کەسێک بیەوێت شتومەکی نەشیاو لە بازاڕدا ساخبکاتەوە، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکەین و ڕووبەڕووی یاسای دەکەینەوە.
بەڕێوەبەرانی چاودێریی بازرگانی لە شار و شارۆچکەکان، جەخت لەوەش دەکەنەوە، ھەر ھاووڵاتییەک لە گرانی نرخ لە ھەر شوێنێک ئاگاداریان بکاتەوە ئەوان لیژنەی تایبەتمەند دەنێرن و لێکۆڵینەوە لە کەسی تۆمەتبار دەکەن.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێم، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوت: لە ھەموو پارێزگا و شاروشارۆچکەکان لیژنەکانی چاودێریی بازاڕمان ڕاسپاردوون بەدواداچوونی نرخ بکەن و ھەر شوێنێک نرخ بەرزبکاتەوە بەپێی یاسا سزا دەدرێت، چونکە زۆربەی ئەو کەلوپەلانەی ئێستا لە بازاڕ ھەن، پێشتر ھاوردەی ھەرێمی کوردستان کراون و ھی ئێستا نین تا گران بکرێن، بۆ ڕۆژانی مانگی ڕەمەزان پلانمان ھەیە لە ھەموو شار و پارێزگاکان لیژنەکانی چاودێری و گەڕان بۆ بازاڕ و شوێنەکان زیاد بکەین، ئەوەش لەپێناو ئەوەی ھیچ کەسێک پەنا نەباتە بەر گرانکردنی خۆراک و کەلوپەل و شمەکەکان.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێم، جەختی لەوەشکردەوە: لیژنەکان بەردەوام لەناو بازاڕ و مارکێتەکان دەبن، ھەر سەرپێچیەک لە بوونی کاڵای ماوەبەسەرچوو یان گرانبوونی نرخ زیاد لە پێویست، ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە، ئەوان ڕووبەڕووی دادگە دەکرێنەوە و غەرامە دەکرێن.
سابیر مەحموود، مامۆستای ئایینی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: بابەتی قۆرخکردنی بازاڕ یەکێکە لەو بابەتە ھەستیارانەی ئیسلام ھەڵوێستی ڕوون و ئاشکرای لەبارەوە ھەیە، کە بابەتێکی ڕێگە پێنەدراوە، بگرە حەرام و تاوانە و پێچەوانەی بنەما شەرعی و ئەخلاقی و مرۆییەکانە.
ئەو مامۆستای ئایینی، گوتیشی: پێویستە بازرگان، دووکانداران و خەڵکی نێو ئەو بازنەیە، وەک ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئایینی و ئەخلاقی و نیشتمانی، خۆیان بەدوور بگرن لە قۆڕخکاری، چونکە ھەم مەترسی لەسەر ئایندەی قازانج و کاری بازرگانی بکەرانی ئەو دیاردەیە دروست دەکات، ھەمیش زیان لە ھاووڵاتییان دەدات، ئەمەش تاوانە و پێچەوانەی شەرعە.