ڕۆژی شەممە 22ـی 2ـی 2025 لە هوڵی ڕاگەیاندنی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی نوێنەری (سەرۆک بارزانی)، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و، مەحموود محەممەد ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی (پ.د.ک) و د.سالار عوسمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و تەها بەرواری نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئاریان سەلاحەدین بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەت و پارێزگاری هەولێر و (خانی هەژار موکریانی) کوڕی مامۆستا هەژار موکریانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیر و نووسەر و پسپۆڕانی بواری زمانی کوردی لە هەر چوار پارچەری کوردستان، یەکەمین دیداری هەژار موکریانی بە ناونیشانی (هەژار و زمان) لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەچوو.
دەستپێکی ڕێوڕەسمەکە بە مارشی ئەی ڕەقیب و وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی)ی هەمیشە لەیاد دەستی پێ کرد.
لە گوتارێکدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانەکان، د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، باسی مێژووی دیاریکردنی ڕۆژی زمانی دایکی لە ڕێگەی خەباتی بەنگالییەکانەوە کرد و گوتی: “خەباتی بەنگالییەکان کە لە زمانەوە دەستی پێ کرد و گەیشتە سەربەخۆیی، ئەمە بۆ ئێمەی کورد کە ڕاستە زمانەکەمان لە مەترسیدا نییە، وانەیەکی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئامانج و، هەر لە ڕاپەڕین و کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا ئێستا پرسی زمان پرسی سەرەکی حکوومەت بووە و خوێندن بە زمانی دایکی گەشەسەندنێکی گەورەی بە خۆیەوە بینەوە”.
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، باسی لە گرنگیی مامۆستا هەژار موکریانی لە ڕەهەندەکانی زمان، شیعر، پەخشان، وەرگێڕان، ئایینداری، سیاسەت و هزر کرد و گوتی: “ئێمە لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن کە دەستمان کردووە بەم دیدارەی (هەژار موکریانی)، بۆ ئەمساڵ و لە ڕۆژی زمانی دایکیدا پرسی زمانمان کردووەتە تەوەری گفتوگۆکانمان و ڕەنگە ساڵێکی تر پرسێکی دیکە بکەینە چەقی گفتوگۆ و باسەکانی پانێڵەکانمان. بۆیە ئەمڕۆ یادی کەسایەتییەک دەکەینەوە کە شیعری ڕوون و فەرهەنگی ڕاست و وەرگێڕانی دروست پێشکەش بە منداڵەکانی کوردستان کرد، ئێمە یادی کەڵەپیاوێک دەکەینەوە کە لەگەڵ بارزانیی نەمر بە هەمووانی گوت ئەمەیە ڕێبازی دروستی کوردایەتی”.
دواتر دۆکیۆمێنتاری (هەژار موکریانی قەڵەمێک لەپێناو کوردستاندا) پێشکەش کرا، کە لەلایەن کەناڵی کوردستان (٢٤) بە هەماهەنگی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ئامادەکرابوو، لەم دۆکیۆمێنتارییەدا، وێڕای دید و گوتەی هاوڕێ و هەڤاڵانی (هەژار موکریانی)، ژیان و وێستگە و قۆناغەکانی ژیان و بەرهەمە بەنرخەکانی (هەژار موکریانی) بۆ میوانان خرایەڕوو.
(خانی هەژار موکریانی)، گوتاری بنەماڵەی مامۆستا هەژاری پێشکەش کرد و گوتی: “هەمووتان باش دەزانن، هەژاری مەزن هەموو ژیانی خۆی لە پێناو خەبات بە سەرۆکایەتیی (بارزانیی نەمر) و فەرهەنگ و زمانی کوردی سەرف کرد و لەم پێناوەشدا چەرمەسەری زۆری بینی و کەمتر کاتی بۆ ماڵ و منداڵی هەبوو”.
دواتر گرووپی میوزیکی یار سێ بەرهەمیان پێشکەش کرد کە یەکیان بە ناوی (سیاپۆش) بوو کە چوارینەیەکی مامۆستا هەژارە و هونەرمەندی گەورە ماملێ ئاوازی بۆ داناوە و دووەمیان مەقامێکی خورشیدی بوو کە ئەویش چوارینەی مام هەژارە و ئاوازەکەی هی فۆلکلۆری گەرمیانە. سێیەمیشیان شیعری (بە کوردی) بوو کە ئاوازەکەی لەلایەن هونەرمەند (هۆشیار کەریم) دانراوە. بڕگەی کۆتایی سەرلەبەیانیی دیداری هەژار موکریانی، پێشانگەیەکی وێنەیی بوو سەبارەت بە وێستگەکانی ژیان و تەمەنی ( هەژار موکریانی).
میوزیک و ستران، بەشێکی دیکەی دیداری هەژار و زمان بوون لە (دیداری هەژار موکریانی)، تیایدا چەندین بەرهەمی ناوازەی میوزیکی نەتەوەیی پێشکەشکرا و دیدارەکەی ڕەنگدارتر کرد.
پێشانگەی وێنەیی سەبارەت بە وێستگەکانی ژیان و تەمەنی (هەژار موکریانی) بەشێکی گرنگی دیدارەکە بوون، لەم پێشانگەیەدا چەندین وێنەی هەژار موکریانی لە قۆناغەکانی شۆڕش و خەباتتدا نمایش کران، کە بەشێکی سەرەکیی و گرنگیان لەگەڵ (بارزانیی نەمر سەرۆک بارزانی و کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیاد) بوون.
بەشی دووەمی دیداری هەژار موکریانی دوانیوەڕۆ لە کاتژمێر ١٢:٣٠ دەستی پێ کرد کە لە سێ پانێڵ پێک هاتبوون و ئەوانیش بریتی بوون لە:
پانێڵی یەکەم: زمانی یەکگرتوو
بەڕێوەبەری پانێڵ: دکتۆر نەفیسە ئیسماعیل
ـ ناسر حیسامی (زمانی کوردی لە هەژارەوە تا ئەمڕۆ)
ـ پ.د. هۆگر مەحموود (گرفتەکانی بەردەم زمانی یەکگرتوو)
ـ دکتۆر کامەران ڕەحیمی (داڕشتنی بەرنامەی زمانی، دیاردەیەکی هاوچەرخ).
هەروەها پانێڵی دووەم: زمان و فەرهەنگ
بەڕێوەبەری پانێڵ: مەریوان هەڵەبجەیی دکتۆر کوردستان موکریانی (فەرهەنگی هاوچەرخ و گەورەی کورد)
ـ پ.د. شەهاب شێخ تەیب (کاری فەرهەنگنووسی لە دیداری هەژار موکریانی)
ـ دیاکۆ هاشمی (گرنگیی ڕێنووس لە فەرهەنگنووسیدا)
پانێڵی سێیەم: بەدیجیتاڵکردنی زمان و ژیریی دەستکرد
بەڕێوەبەری پانێڵ: د.سنوور قادر فەرەج
ـ دکتۆر حامید کۆنەپۆشی (بەدیجیتاڵکردنی سامانی زمانی ـ ڕێکارەکان، پێویستییەکان و دەرفەتەکان)
ـ دکتۆر شەهێن عەبدوڵا عەبدولکەریم (کەڵکوەرگرتن لە ئامرازەکانی زیرەکیی دەستکرد بۆ پێشخستنی زمانی کوردی)
ـ دکتۆر ئاران ئەمینی (دۆخی ئێستای تەکنەلۆژییەکانی زمانی کوردی ـ بەربەستەکان و هەڵەکانی بەردەم ئەم زمانە)
لە کۆتاییدا ڕاسپاردەکانی یەکەمین دیداری هەژار موکریانی خوێندرانەوە و خەڵاتی زێڕینی مام هەژار پێشکەش بە (دکتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف) کرا لەپێناو خزمەتە زۆرەکەی بەرانبەر زمان و وێژەی کوردی.