لەمیانەی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی ئاژانسی جایکی ژاپۆنی، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگیی لە نێوان هەردوولادا بە تایبەتی لە بواری خوێندن و پەروەردەدا کرا. هاوکات شاندەکە خۆشحاڵی خۆیان بە پێشنیازێکی سەرۆکی حکوومەت دەربڕی.
یەکشەممە 23ـی شوباتی 2025، مەسرور بارزانی، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازیی له شاندێکی ئاژانسی هاریکاریی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی (JAICA) بە سەرۆکایەتی هێرۆشی سوزوکی بەڕێوەبەری نووسینگەی جایکا لە عێراق کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگیی لە نێوان هەردوولادا بە تایبەتی لە بواری خوێندن و پەروەردە دا کرا.
هاوکات پێشنیازێکی سەرۆکی حکوومەت لە بارەی سوودوەرگرتن لە ئەزموون و سیستەمی خوێندن و پەروەردەی ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا، بە مەبەستی پێگەیاندنی نەوەیەکی پابەند و بەرپرسیار و بە دیسپلین و بەرهەمهێنەر و داهێنەر کە ڕێز لە کۆمەڵگە و دایک و باوک و مامۆستاکانی و بەرامبەرەکەی بگرێت و ژینگەپارێز بێت.
لای خۆیانەوە، شاندی جایکا ئاماژەیان بە نموونەیەکی سیستەمی پەروەردەی ژاپۆنی کرد کە ئێستا لە چەند قوتابخانەیەکی میسر جێبەجێ دەکرێت. لەم ڕووەوە پرۆفیسۆر سوگیتا سەرپەرشتیاریی پرۆژەکە لە میسر، کورتەیەکی دەربارەی ئەزموونی پەروەردەی ژاپۆنی لە وڵاتەکە خستەڕوو.
شاندی جایکا خۆشحاڵی خۆیان بە پێشنیازی سەرۆکی حکوومەت دەربڕی و ئامادەیی هەموو هاوکاریی و پشتیوانییەکن.