سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا کرد

ئەمڕۆ یەکشەممە 23ی شوباتی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەدا،کە ئەندرۆ بیزلی کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو ، دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی و فیدراڵیی هەرێم تاوتوێ کرا .

سەرۆکی حکومەت، سوپاسی باڵیۆزی کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.

تەوەرێکی دیکە کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار لە زووترین کاتدا، لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و درێژەدان بە کارنامەی چاکسازی و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.