ئاسایشی ناوچەکە و کۆنتڕۆڵی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان پێویستی بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەر لەوەی کە کێشەیەکی یاسایی، تەکنیکی و دارایی بێت ئەوا دەردەکەوێت کێشەیەکی سیاسی بووە و بە گوشاری ئەمەریکا خەریکە ھەناردەکردنەوەی نەوت دەست پێ دەکاتەوە کە نزیکەی دوو ساڵە وەستاوە.

بەپێی ھەمواری یاسای بودجە پێویستە ھەرێمی کوردستان دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت بکاتەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئامادەکارییەکی گرتووەتە بەر و تەنانەت چەند جارێک داوای لە عێراق کردووە ڕێوشوێنەکانی ھەناردەکردن ئامادە بکات بەڵام جۆرێک خەمساردی بە عێراقەوە دیار بووە و وەک ئەوەی پێی خۆش نەبێت نەوتی کوردستان ھەناردە بکرێتەوە. حکوومەتی عێراق لە کاتێکدا لەم ڕووەوە کەمتەرخەم بووە کە نەناردنی نەوتی کوردستان بە زیانی ئابوورییەکەیەتی و لە دوو ساڵی ڕابردوودا ھیچ مانگێک نەبووە ملیارێک دۆلار زیان بە عێراق و ھەرێمی کوردستان نەگات.
دۆخەکە گەیشتووەتە ئەوەی لەمدواییانەدا تەنانەت حکوومەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بێتە سەرخەت و گوشار بخاتە سەر حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی ھەرچی زووە دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێی بەندەری جەیھانەەوە بکرێت. داواکارییەکەی ئەمەریکا بۆنی ھەڕەشە و سزادانیشی لێدێت و ئاژانسی ڕۆیتەرز کە بۆ یەکەم جار زانیارییەکەی ئاشکرا کرد باسی لەوە کرد ئەگەر حکوومەتی عێراق داخوازییەکەی ئەمەریکا جێبەجێ نەکات ئەوا سزای ھاوشێوەی ئێران بە سەر عێراقیشدا دەسەپێنێت.
دووشەممەی ڕابردوو وەزیری نەوتی عێراق خۆی بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند کە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە و بەپێی پێشبینییەکان دەبێت ھەر لەم ھەفتەیەدا و بەر لە تەواوی بوونی مانگی شوبات ھەناردەکردنەکە پێویستە دەست پێ بکاتەوە.
رۆیتەرز بە پشتبەستن بە ھەشت سەرچاوە لە بەغدا، واشنتن و ھەولێر کە قسەی لەگەڵیاندا کردووە ھۆکاری نەرمی نواندنی حکوومەتی عێراقی بۆ ئەو گوشارانە گەڕاندووەتەوە کە ئەمەریکا خستوویەتە سەر حکوومەتی عێراق.
حکوومەتی عێراق لە ڕابردوودا ئەوەندە لە بیری ھاوکاریکردنی ئابووری ئێران بووە و خەمی لە سزاکانی ئەمەریکا لە دژی ئێران خواردوووە ئەوەندە لە بیری ئابووریی خۆیدا نەبووە و ئامادە بووە لەسەر حسابی زیانگەیاندن بە عێراق ھەناسەیەک بە ئابووریی ئێران بدات.
دۆخەکە لە سەردەمی ترەمپدا بە تەواوی گۆڕاوە و حکوومەتی ترەمپ بە فەرمی داوای لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە کۆتایی بە پێوەندییە ئابووری و سەربازییەکانی لەگەڵ ئێراندا بھێنێت. ھەر لەم ڕاستایەدا ئەمەریکا ھەفتەی ڕابردوو سزای بەسەر پێنج بانکی عێراقیدا سەپاند و دۆلاری لێ قەدەغە کردن و وا پێدەچێت پارەیان سپی کردبێتەوە و ھاوکاریی ئێرانیان کردبێت. زەحمەتە ئەمەریکا ڕێ بە عێراق بداتەوە کارەبا و گازی سروشتی لە ئێران بکڕێتەوە و لەوانەیە مۆڵەتەکەی بۆ نوێ نەکاتەوە کە لەوەتەی ساڵی ٢٠١٨ەوە سێ مانگ جارێک بۆی نوێ دەکردەوە بەو ئامانجەی عێراق خۆی بتوانێت دابینی بکات.
ئەو گوشارە نوێیانە لەکاتێکدان کە ئێران ھەژموونی بەسەر عێراقدا چ لە ڕووی سەربازی و ئەمنی و چ لە ڕووی ئابوورییەوە ھەبووە بەڵام بەھۆی ئەو گورزەی بەر بەرەی مقاوەمە کەوتووە پێگەی ئێران لە ھەموو ناوچەکە لاواز بووە.
بەرپرسێکی کۆشکی سپی گوتوویەتی ڕێگەدان بە ھاوبەشە کوردەکانیان لە عێراق بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوت جگە لەوەی کە بۆ ئاسایشی ناوچەکە گرنگە لە ھەمان کاتدا کاریگەری لەسەر کۆنترۆڵی نرخی بەنزین و نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا دەبێت.
یەکێکی دیکە لە نیگەرانییەکانی ئەمەریکا ئەوە بووە ڕێ لە ھەر جۆرە بەقاچاغبردنێکی نەوت بۆ ئێران بگرێت و لەو دۆخەی لە کەرتی نەوت ھاتووەتە کایەوە، نەوتێکی زۆر بە قاچاغ ئاودیو دەکرێ و ئەمەش لە قازانجی ئێرانە و مانگانە بڕەپارەیەکی زۆر دەستی ئێران دەکەوێت کە پێچەوانەی ئەو سیاسەتەیە کە بە پلانی زۆرترین گوشار ناسراوە و دۆناڵد ترەمپ لە گەڕی دووەمی کابینەکەیدا بەگەڕی خستووەتەوە.
بە دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێی بەندەری جەیھانەوە، ھەرێمی کوردستان بە کردەوە بەشدار دەبێت لە پەرەسەندنی ئابووریی عێراق و بەغدا چی تر ناتوانێت بە بیانووی جیاواز مووچەی فەرمانبەران دوا بخات و پێویستە دووبارە دەست بە وەبەرھێنان و دابینکردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانیش لە ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە کە ماوەیەکی درێژە وەستاوە.