شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان: حکوومەتی هەرێم پابەندە بە جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجە

شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند :پێویستە ڕێککەوتن لەبارەی میکانیزم و پێدانی شایستەی کۆمپانیاکان بکرێت.

شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، سەبارەت بە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی تایبەت بە ڕێکارەکانی دەستپێکردنی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ڕادەگەیەنین کە حکوومەتی هەرێم پابەندە بە جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لە کۆبوونەوەی هاوبەشمان لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، ئەوە دووپات کرایەوە کە جێبەجێکردنی هەمواری یاساکە پێویستی بە ڕێککەوتنێک لەسەر بڕی تێچووی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە.
هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە، کە پێویستە ڕێککەوتن لەبارەی میکانیزم و پێدانی شایستەی کۆمپانیاکان بکرێت.
هەر پێی ڕاگەیەندراوەکە، شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە پێویستی خێراکردنی چارەکردنی سەرجەم ئەو کێشانە دەکاتەوە کە لە سەرەوە ئاماژەی پێ دراوە.
شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کردووە، حکوومەتی هەرێم جەخت لەسەر پێویستی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بە زووترین کات دەکاتەوە.