سلێمانی.. سەنتەری سەرپەرشتیاری نابیستان و ناگۆکان کرایەوە

وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە داهاتوو سەنتەری چاندنی لوول پێچ دەکرێتەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بودجەکەی بۆ تەرخان کردووە.

شەممە، 22ـی شوباتی 2025، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، زۆربەی نەخۆشخانەکان موەلیدەی کارەبایان لە تەنیشتدایە، ئەم موەلیدەیە لەبەر دەنگی و دووکەڵی، دەرچونی گریس و گاز، نەخۆش و خەڵکی بێزار کردووە.

ئەو وەزیرە دەڵێت: وەزارەتی شارەوانی لە هەندێک شوێن هاوکارمان بوون لە لابردنیان، هەرچەندە لە هەندێک شوێنیش ناشتوانرێت موەلیدەکە بگوازرێتەوە و گەڕەکێک بێ کارەبا بکەی، ئەگەر شوێنی جێگرەوە هەبێت ئەوا بە دڵنیاییەوە چارەی دەکەن.

دەشڵێت: بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، باسی لەوە کرد کە کار لەسەر ئەو گرفتە دەکات، ئەو موەلیدانە لە نزیک نەخۆشخانەکان دوور بخرێتەوە.

د. سامان بەرزنجی لە کردنەوەی سەنتەری نابیست و نا گۆکان و گێژ بوون گوتیشی: لە ئایندەدا ڕەوشی کارەبا باش دەبێت، بە پرۆژەی ڕووناکیی کە کابینەی نۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دایناوە و کەس پێویستی بە مولیدە نابێت.

ڕاشیگەیاند، ئێمە پرۆژەیەکمان هەیە لە هەرێمی کوردستان، لە داهاتوو بە چاندنی لوول پێچ لەناو گوێ، پرۆژەی لوول پێچ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بودجەیەکی تایبەتی بۆ داناوە، بە نەشتەرگەرییەک لە ڕێگەی مێشکەوە بۆ ئەو منداڵانە دەکرێت کە قسە ناکەن، لەگەڵ چارەسەری سروشتیی لە 6 مانگ تا ساڵێک.