پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا تاوتوێ كرا

ئەمڕۆ پێنجشەممە فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئالبرێشت فۆن ڤيتكه‌ كونسوڵى گشتیی ئه‌ڵمانيا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی کونسوڵخانە کرد.

لە دیدارێکدا کە فەلاح مستەفا یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە ئامادەی بوو، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا و چۆنیەتیی پەرەپێدانیان لە کایە جیاجیاکاندا خرایە بەرباس، بیروڕاش سەبارەت بە فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا ئاڵوگۆڕ کرا.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکەدا، باس لە کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا کرا، لەمبارەیەوە وێڕای جەختکردنەوە لە پێویستیی بەردەوامبوونی دانوستاندنەکان، چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور دووپات کرایەوە.

لە تەوەری ناوخۆدا، سەرۆکی دیوان دوا هەنگاوەکانی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی حکوومەت و هەروەها هەوڵەکانی سەرۆکایەتی کە بە ئاراستەی سەرخستنی پرۆسەکەن بۆ شاندی میوان ڕوون کردەوە.

دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئەنجامی گفتوگۆ هاوبەشەکان لەبارەیەوە، هەروەها ڕەوشی گشتیی ناوچەکە و لێکەوتەی گۆڕانکارییەکانی، چەند تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.