بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، گەورەپرۆژەیەكی دان و دابەشكردنی تۆڕی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر كەوتە بواری جێبەجێكردن، كە درێژییەكەی 411 كلیۆمەترە و دەبێتە تەواوكەری پرۆژەی ئاوی هەولێر.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ى شوباتى 2025، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، ڕێوڕەسمی دانانى بەردی بناغەی پرۆژەی دانان و دابەشكردنی تۆڕی ئاوی ناوخۆ لە هێڵە لاوەكییەكان و بەستنەوەی بە هێڵە سەرەكییەكانی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ ناو شاری هەولێر دانرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە گوتارەكەیدا باسی لە گرنگی پرۆژەكە كرد و گوتی: زۆر خۆشحاڵین ئەمڕۆ لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەران و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی هەولێر لەو ڕێوڕەسمەدا بەردی بناغەی پرۆژەی دانان و دابەشكردنی تۆڕی ئاوی ناوخۆ لە هێڵە لاوەكییەكان و بەستنەوەی بە هێڵە سەرەكییەكانی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ ناو شاری هەولێر دادەنێین، كە یەكێكە لە پرۆژە گرنگەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەت و بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.
ساسان عەونی گوتیشی: لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2024دا، مەسرور بارزانی بەردی بناغەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێری دانا هەر ئەوكات فەرمانی كرد لەگەڵ گەیشتنی ئاو بە ناو شاری هەولێردا، پێویستە تۆڕە ناوخۆییەكانی ناو گەڕەكەكانی هەولێریش ئامادە بێت، بۆ ئەوەی بەزوویی ئاوی پرۆژەكە بگاتە ماڵان و ئێستاش بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پرۆژەی دانان و دابەشكردنی تۆڕی ناوخۆی ئاو بۆ گەڕەكانی هەولێر بە گوژمەی 25 ملیار دینار، لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەردی بناغەكەی دانرا و لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا لەلایەن كۆمپانیای جێبهجێكارهوه تهواو دهكرێت.
سەبارەت بە گرنگیش پرۆژەكەش ساسان عەونی، گوتی: ئەو پرۆژەیەی دانان و دابەشكردنی تۆڕی ئاوی ناوخۆ و بەستنەوەی بە هێڵە سەرەكییەكان، هەموو گەڕەكەكانی سنوورەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بە تایبەتی دەرەوەی شەقامی 120مەتری و ناوەوەی شەقامەكە لێی سوودمەند دەبن و زیاتر لە ههزار بیری ئاویش دادەخرێن. گوتیشی: ئەو پرۆژەیە گرنگییەكی یەكجار زۆری هەیە، ژمارەی ئەو ماڵانەی لێی سوودمەند دەبن 248 هەزار ماڵ، واتە هاوبەشی ئاو لەو پرۆژەیەدا لە شاری هەولێر و دەوروبەری لێی سوودمەند دەبن كە 63 هەزار هاوبەشیان لە دەرەوەی شاری هەولێرن. گوتیشی: پرۆژەكە زۆر گەورەیە و درێژییەكەی 411 كلیۆمەترە، هەڵكەندن و بڕینی شەقامەكان و دانانی تۆڕی ئاو لەخۆی دەگرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەشڵێت: ئەو پرۆژەیە بە یەكێك لە شاكارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەت و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەنرێت بۆ خزمەتكردنی زیاتری دانیشتووانی شاری هەولێر و دەوروبەری.
دواتر ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە گوتارەكەیدا پیرۆزبایی لە دانیشتووانی شاری هەولێر كرد و هاوكات سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە. پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند: ئەمڕۆكە زۆر دڵخۆشین كە هەنگاوێكی دیكە دەچینە پێش لە چارەسەركردنی گرفتێكی لەمێژینەی شاری هەولێر بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی. لێرەشەوە بەناوی پارێزگای هەولێرەوە سوپاسی سەرۆكوەزیران دەكەین بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە.
ئومێد خۆشناو، جەختیشی كردەوە كە كاركردن لە پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوی هەولێر بە باشی بەڕێوە دەچێت، هەروەها لەبارەی گوژمەی ئەو پرۆژەیەی ئەمڕۆ، پارێزگارى ههولێر گوتیشی: گوژمەی پرۆژەكه 25 ملیار دینارە و بە درێژایی 411 كیلۆمەتر جێبەجێ دەكرێت و بەهۆیەوە ههزار بیر دادەخرێن و هەولێر بەهۆی پرۆژەی فریاگوزاریی ئاو و دانان و دابەشكردنی تۆڕی ئاوەوە دەگاتە قۆناغێكی دیكە و دەتوانرێت خزمەتێكی باشتر و چاكتری دانیشتووانی شاری هەولێر و دەوروبەری بكرێت، زۆر دڵخۆشین و دڵنیاین لەوەی لە ماوەی دیاریكراودا ئەو پرۆژەیە تەواو دەبێت و كێشەی ئاو لە هەولێر چارەسەر دەبێت