نێچیرڤان بارزانی هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ پاپا دەخوازێت

نێچیرڤان بارزانی هیوای تەندروستییەکی باش بۆ پاپا فرانسیس، رێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان دەخوازێت و دەشڵێت، “هیوادارم پاپا فرانسیس بەمزووانە هێزی بۆ بگەڕێتەوە و درێژە بە خزمەتە بە بەهاکانی بە مرۆڤایەتی بدات.”
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی شوباتی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس هیوای زوو چاکبوونەوە و تەندروستیی باشی بۆ پاپا فرانسیس خواست.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، “پاپا فرانسیس بە پەیامی ئاشتی، بەزەیی و یەکگرتوویی بەردەوام هانی جیهان دەدات.”
لە رۆژی 14ـی ئەم مانگەوە پاپا فرانسیس کە تەمەنی 88 ساڵە، بەهۆی هەوکردنی سییەکانییەوە رەوانەی نەخۆشخانەیەکی رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کراوە.
پاپا فرانسیس لە تەمەنی 21 ساڵی بەهۆی ئەستووربوونی سییەکانەوە، بەشی راستی سییەکانی بڕاوەتەوە. لەوکاتەشەوە بەردەوام بەدەست ئازاری سینگییەوە ناڵاندوویەتی.
پاپا فرانسیس 266ـەمین پاپای ڤاتیکانە کە بە پاپا فرانسیسی یەکەمیش دەناسرێت، لە رۆژی 3ـی 3ـی 2013 پاش ئەوەی پاپا بێنێدیکتی شانزەهەم بەهۆی بەساڵاچوونییەوە دەستی لە کار کێشایەوە، بە زۆرینەی دەنگی کاردیناڵەکانی کەنیسەی کاسۆلیک، لە کەنیسەی سیستیەنی ڤاتیکان بە رێبەری پایتەختی کاسۆلیکەکانی جیهان هەڵبژێردرا.
پاپا فرانسیس، سەرەتای مانگی ئازاری 2021 وەکو یەکەم پاپا بۆ یەکەمجار لە مێژوودا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و ئەوکاتە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوت، “دووژمن هات ئەم وڵاتە تێکبدات، بەڵام ئێوە بە رەسەنیی خۆتان پێشوازیتان لە پێکهاتە و ئاوارەکان کرد. پێزانینی زۆرم هەیە کە هەرچەندە لە شەڕدا بوون، بەڵام پێشوازیتان لە ئاوارە کریستیانەکان کرد. هاتووم ئەم خاکە پیرۆز بکەم، ئێوە پاکن، دەستى بەزەییتان بۆ هەمووان درێژ کردووە.”