سبەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

سبەی هەینی ٢١ی شوبات ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک یان زگماکییە و لەو ڕۆژەدا وڵاتانی جیهان بە تایبەتی ڕێکخراوەکانی بواری ئەدەب و کلتوور و ناوەندەکانی پێوەندیدار بە زمان گرنگییەکی تایبەت بەم یادە دەدەن و ڕۆژەکەیان کردووەتە بۆنەیەک بۆ هەرچی زیاتر گرنگیدان بە زمانی دایک و پاراستنی زمانە جیاوازەکان.

لەکاتێکدا ئەم ڕۆژە جیهانییە بەرز ڕادەگیرێت کە زمانی کوردی سەرەڕای ئەوەی کە زیاتر لە پەنجا ملیۆن کەس لە دانیشتووانی زەوی قسەی پێ دەکەن هێشتا تەنیا لە یەک وڵات بە فەرمی ناسراوە و دەوڵەتانی حاکمی پارچەکانی کوردستان، ئەو زمانە بە فەرمی ناناسن و ڕێ لە گەشە و تەنانەت ئاخافتنیشی دەگرن.
دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستان هەر لە سەرەتای سەدەی ڕابردووەوە هەوڵیان دا بە سەپاندنی یەک زمان و پەراوێزخستنی زمانەکانی تر، یەک نەتەوە و یەک دەوڵەت بۆ خۆیان بنیات بنێن بەڵام سەرکەوتوو نەبوون هەرچەندە کورد قوربانییەکی زۆری بەهۆی ئەم جۆرە سیاسەتە دا. ڕەنگە بە ملیۆنان کورد هەبن لە نەتەوە و زمانی دایک شۆرابنەوە و بە زمانێکی تر قسە بکەن و تازە هەندێکیان بۆیان دەرکەوتووە کە چ ستەمێکی مێژووییان لێ کراوە. ئەو سیاسەتە لە لایەن تورکەکانەوە زیاتر لە فارس و عەرەبەکان جێبەجێ کرا.
لە تورکیا تا چەند دەیە لەمەوبەر زمانی کوردی تەنانەت ئاخافتنیشی قەدەخە بوو و ماوەی چەند ساڵێکە حزب و چالاکی و پەرلەمانتارەکان داوا دەکەن زمانی کوردی بە فەرمی بناسرێت بەڵام ڕووبەڕووی سەرکۆنە و تەنانەت زیندانیی بوونەتەوە و لەم دواییانەدا هەندێک دەرفەتی خوێندنی ئازاد بە زمانی کوردی دراوە کە بە گۆڕانکارییەکی گرنگ دادەنرێت.
ئەمساڵ جیا لە ساڵانی ڕابردوو ئومێدێکی نوێ لە باکووری کوردستان هاتووەتە کایەوە و ئەگەر گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان کورد و حکوومەتی تورکیا کە بە گفتوگۆکانی ئیمراڵی ناسراون، سەربگرێت ئەوا چاوەڕوان دەکرێ سەرەتاییترین ماف کە بۆ کورد بە فەرمی بناسرێت و ڕەوایی پێ بدرێت، خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی بێت. بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ئەو مەبەستە وتارێکی مێژوویی لە ئیمراڵییەوە پێشکەش بکات و هاتنی شاندی دەم پارتی و ئیمراڵی بۆ هەرێمی کوردستان و بینینی سەرکردایەتیی باشووری کوردستان پێوەندی بە هەمان پرسەوە هەیە. جێی بایەخە کە پرسی کورد لە ماوەی سەدەیەکدا لە سڕینەوەوە بۆ دانپێدانان گۆڕاوە و وەک نەتەویەکی خاوەن زمان و کلتوری تایبەت بەخۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و ئەگەری زۆرە دەوڵەتی تورکیا ملکەجی بەشێکی بەرچاو لە ویستە مێژووییەکانی کورد بێت کە گرنگترینیان خوێندن بە زمانی دایکە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا خەڵک ناتوانن بە زمانی کوردی بخوێنن و بنووسن و حکوومەتی ئەو وڵاتە زمانەکەی بە فەرمی نەناسیوە و زمانی فارسی سەپاندووە و تەنانەت وەک زاراویەک باس لە زمانی کوردی دەکات و ڕێ لە گەشەی زمانەکە دەگرێت. حکوومەت چالاکانی بواری ئەدەب و زمانی کوردی دەگرێت و بە تۆمەتی بێبنەما سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنێت و دەیان مامۆستای زمانی کوردی و چالاکی ئەدەبی لە گرتووخانەکان بەسەر دەبەن.
سەرەڕای ئەو دۆخە شەپۆلێکی خۆڕسکی باش لە فێرکردنی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێ کردووە، خەڵک لە هەوڵی ئەوەدان منداڵەکانیان فێری نووسین و خوێندنەوە بە زمانی کوردی بکەن. لە ئاستی ڕۆشنبیران و مامۆستایانی زانکۆ کەسانێک بە هەوڵ و هیممەتی خۆیان بەرهەمی بەپێزی کوردی چاپ دەکەن و دەیخەنە بازاڕەوە.
دوای جەنگی دووەمی جیهانی و سەربەخۆیی هیندستان و پاشان دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی پاکستان، بەنگلادیش بە پاکستان لکێنرا. زمانی ئۆردوو زمانی فەرمی هەر دوو بەشی ڕوژهەڵات و ڕۆژئاوای پاکستان بوو، لەکاتێکدا بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەو کاتی پاکستان بەنگالی بوون و ناچار کرا بوون کە زمانی ئوردوو بەکار بێنن و لە زمانی بەنگالی کە زمانی دایکییان بوو بێبەش کرابوون. ساڵی ١٩٥٢ ژمارەیەک قوتابیی زانکۆی داکا دژی سیاسەتی سەپاندنی یەک زمان بەسەر وڵاتەکەدا ناڕەزاییان دەربڕی و پۆلیسیش دەستی بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران کرد و یازدە کەسی لێیان کوشت، دۆخی دەربڕینی ناڕەزایەتی تا ساڵی ١٩٥٦ بەردەوام بوو و لەو ساڵەدا دەوڵەت بە ناچاری دانی بە زمانی بەنگالیدا نا.
رێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢١ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ بڕیاری دا وەک بیرهێنانەوە و ڕێزگرتن لەو کەسانەی لەو خۆپێشاندانەدا تەنیا بە تاوانی ئەوەی داوای زمانی دایکیان کردبوو، ڕۆژکەی بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک یان زگماکی ناساند و ئامانجی یۆنسکۆ ئەوە بوو پەرە بە فرەزمانی و فرە کلتووری بدات.
ئەگەر یادکردنەوە و گرنگیدان بە زمانی دایک بۆ زمانەکانی تری زیندووی جیهان جێی بایەخ بێت ئەوا بۆ کورد چەند هێندە گرنگە، چونکە زمانی کوردی هاوشێوەی نەتەوەکەی بەردەوام هێرشی لەسەر بووە و هەوڵ دراوە ئەو زمانە لەناو ببرێت. پاراستنی زمانی کوردی و ئاخاوتن به کوردیی پاراو، ئەرکی هەر تاکێکی کوردە و بەشێکە لە خەباتی شوناسخوازی دژی داگیرکەران.