هۆشیار زێباری: ئاییندەیەكی گەشمان لەپێشە ئەگەر یەكڕیز بین، سوودی گەورەی لێ وەردەگرین

لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە هەولێری پایتەخت، بە ئامادەبوونی هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی و بەشێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و، د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی (پ.د.ک) و، بەشێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسانی حکوومی و حزبی، ڕێوڕەسمی چوارەمین كتێبی بازنەی گفتوگۆ بەناونیشانی “كوردستان و گۆڕانكارییەكانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” بەڕێوەچوو.

دەستپێکی ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب و ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریس)ـی هەمیشە لەیاد دەستی پێ کرد.
لە دەستپێكدا د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە پەیڤێكدا بەگەرمی بەخێرهاتنی میوانەكانی كرد و ئاماژەی بەوەكرد، لە دوای كۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندن وەك هەنگاوێك بۆ كاراكردنی گفتوگۆ و پێكەوە گرێدانەوەی جیاوازییەكان، ئۆرگانێكی سەربەخۆی بەناوی “بازنەی گفتوگۆ” دامەزراند و، بەرهەمی 2 ساڵی ڕابردووی بریتی بووە لە 24 گفتوگۆی ڕاشكاوانە لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و كۆی پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق و كێشەی كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان بەڕێوەبردووە و، پلاتفۆرمێكی كراوە بووە بۆ سەرجەم جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینەكان و هەرێمی كوردستان و عێراق و پارچەكانی دیكەی كوردستان.
دواتر ڕاپۆرتێكی مەیدانی لەسەر هەڵسەنگاندنی ڕاشكاوانەی گفتوگۆكانی بازنەی گفتوگۆ ئەنجامدرابوو، كە تیایدا ژمارەیەك دەستەبژێر و سیاسەتمەدار و ئەكادیمی دیدوتێڕوانینی خۆیان لەسەر پلاتفۆرمی كراوە و ئازادی بازنەی گفتوگۆ خستبووە ڕوو.
پاشان بۆ قسەكردن لەسەر بارودۆخی ئێستای كوردستان و پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆی گۆڕانكارییەكانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پانێڵێک بەناونیشانی “كوردستان لەناو گۆڕانكارییەكانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” بۆ بەڕێز هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی كارگێڕیی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەچوو؛
لە پانێڵەکەدا كە سەرەتا بە هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد. هۆشیار زێباری زۆر ڕاشکاوانە دیدوتێڕوانینی پارتی دیموكراتی كوردستانی بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەم ڕوونكردووە و، جەختی لەسەر ئەوە كردووە كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو ئەو لایەنە سیاسیانەی كورسی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە وەك براوەی هەڵبژاردن مامەڵەیان لەگەڵ دەكات و، ئەوە لەبەرچاو ناگرێت لایەنێك كورسی زیاترە یان كورسی كەمترە و دەرگەی پارتی كراوەیە بۆ هەر لایەنێكی سیاسیی بیەوێت بەشداری لە كابینەی داهاتوو بكات.
سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، هۆشیار زێباری جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە كێشەی سەرەكیی عێراق ئەوەیە كە پابەند نییە بەدەستوورەكەی خۆیەوە و لە چوارچێوەی ئەو دەستوورە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان ناكات و، مافە دەستوورییەكانی بۆ دەستبەر ناكات.
لەكۆتایی مەراسیمەکەدا خەڵاتی ڕێزلێنانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەر بەشداربووانی گفتوگۆكانی وەرزی سێیەم و ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ دابەشكرا و، مەراسیمەكە بە دابەشكردنی كتێبەكە كە بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی چاپ کرابوون، كۆتایی هات.