ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تاوتوێکردنی سێ تەوەر کۆدەبێتەوە

ئەنجوومەنی وەزیران، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و دوو تەوەری دیکە تاوتوێ دەکات. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 19-02-2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران؛ بۆ تاوتوێکردنی سێ تەوەر کۆدەبێتەوە.

ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، گفتوگۆ لەبارەی بەشداریی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی؛ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و ڕێکارەکانی یەکخستنی کوالێتیی کۆنترۆڵ لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات.

دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە، 05-02-2025، کرا و تێیدا ژمارەیەک بڕیاری گرنگی دەرکرد.