هەنگاو هاشم: دادگای فیدڕاڵی ئەوەی یەكلا کردەوە كە (هەژماری من) بەشێكە لە پرۆسەی تەوتین

هەنگاو هاشم، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە زانستی ئابووری و یەكێك لە هەڵسووڕاوانی گۆڕان لە شاری هەولێر، ئاماژە بە نەمانی بەربەستە داراییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر دەكات و هێمای بۆ ئەوە كردووە پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان هەردوولا بۆ ساڵی 2025 چوونەتە ئاستێكی دیكەوە.

ئەو چاودێرە ئابوورییە باسی لەوە كردووە، چوار بەستەڵەکی دارایی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ناوەند بەرەو توانەوە دەچن، ئەوانیش بریتین لە:
١- دانانی سیستەمی پایڕۆڵ وەک بنەمایەک بۆ لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە مانگەکانی داهاتوو کاری پێدەکرێت کە پڕۆسەی تەمویلکردنی مووچەخۆرانی هەرێم خێرا دەکات و هەر گۆڕانکارییەک لە لیستەکەدا ئاماژەی پێدەدرێت، پرۆسەی وردبینیکردنی کاتی کەمی دەوێت.

٢- دادگای فیدڕاڵی ئەمڕۆ ئەوەی بە تەواوی یەکلا کردەوە کە پڕۆژەی (هەژماری من) وەک بەشێک لە پڕۆسەی بەجێکردن (توطين) مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

٣- سەبارەت بە داهاتی نانەوتی، هەرێمی کوردستان لەو مانگەدا نزیکەی ٥٢ ملیار دیناری وەکوو داهاتی نانەوتیی نارد بۆ بەغدا کە تەنها داهاتی گومرگی بووە، ئەگەر چی یاسای کارگێڕیی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە پێویستە 50% ی هەموو داهاتی نانەوتیی هەرێم بنێردێت، بەڵام ناردنی ئەو بڕەی ئەو مانگەی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدای نارد وەکوو ئاماژەیەکی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولایە.

٤- هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و پڕۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان توانەوەی بەستەڵێکی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدایە کە بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە.”

ڕاشیگەیاندووە: “ئەوەی دەمێنێتەوە ڕێکخستنی تەرازووی پێداچوونەوە (میزان المراجعة)ی داهات و خەرجیی هەرێمی کوردستانە کە گرنگیی تایبەتیی خۆی هەیە بۆ پڕۆسەی چاودێریکردن و ساڵی ڕابردوو بەشێک بوو لەکێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، شاندەکانی بەغدا لە ماوەی داهاتوو ئەو بوارە ڕێک دەخەن.”

دەشڵێت: “دەکرێت بگوترێت پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەچنە قۆناغێکی نوێوە، بۆ ئەمساڵ هەردوولا، هەرێمی کوردستان و بەغدا براوەن و ئەرکدارترن.”