یادی ( 24 ) ساڵەی شەهیدكردنی “فەڕەنسۆ هەریری” كرایەوە

 

ئەمڕۆ سێشەممە 2025.2.18 بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی2ی پارتی و مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و ژمارەیەک لە کارگێڕانى لقى2 و عەمید خەسرۆ غازى، بەڕێوەبەرى کاروبارى ناخۆى پارێزگا و ناز جەلال، بەرێوەبەرى قەیرانەکانى پارێزگا و سکرتێر و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی لاوان و قوتابیان و ئافرەتان و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی حزبی و حکومی، لە سەر شەقامی 60 مەتری و لە نزیك مزگەوتی سپی شاری هەولێر، ناوەندى چالاکى و پێگەیاندنى 2 ى هەولێرى یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان، مەراسیمى یادی ( 24 ) ساڵەی شەهیدكردنی تێكۆشەری كورد ( فەڕەنسۆ هەریری ) سازکرد.

تێكۆشەری كورد (فەڕەنسۆ هەریری) لە بەرەبەیانی 18ی شوباتی 2001 لە كردەوەیەكی تیرۆریستیدا شەهید كرا، ئەمڕۆش لە مەراسیمى یادكردنەوەکەیدا جگە لە کردنەوەى پیشانگایەکى فۆتۆگرافى بۆ وێنەکانى شەهید، کە لەلایەن وێنەگر مەحمود هەولێرى ڕێکخرابوو، ئامادەبووان گوڵیان لە شوێنی شەهید بوونی دانا و ڕێز و وەفایان بۆ خەبات و تێكۆشانی نیشاندا.