فازڵ میرانی لەبارەی ڕووداوەکەی شەناغە: نابێت چاوپۆشی لێ بکرێت

به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی بە پێویستی دەزانێت هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە پشتگیریی جووتیارانی شەناغە بکەن. دەشڵێت:  نابێت چاوپۆشی لێ بکرێت، قەزییەکە، هی خاکە، نەک جووتیاران. 

سێشەممە، 18-02-2025، فازڵ میرانی، به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی دامەزراندنی هەردوو ڕێكخراوی ‌یه‌كێتیی قوتابییان و لاوانی كوردستان، لەبارەی ڕووداوەکەی گوندی شەناغەی کەرکووک، بۆ ڕۆژنامەنووسان دوا.

میرانی لەبارەی ڕووداوەکەی گوندی شەناغەی کەرکووک و پەلاماری سوپای عێراق بۆ سەر جووتیارانی کورد، گوتی: ئەمە مێژووی نەخوازیاری کوردە. بەردەوام کورد ڕووبەڕووی چەوساندنەوە بووە و مافی خوراوە، بەڵام بەرگریی کردووە. هەموومان بە حکوومەت، پەرلەمان و  حزبە سیاسییەکانەوە، دەبێت بەرگریی لە جووتیارانمان بکەین.”

به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش دا “دەبێت ئێمە وەکوو هەرێمێک بە هەموو پێکهاتە و حزبەکانییەوە، بە تایبەت پارتی و یەکێتی، بە هەموو هێزی خۆیانەوە؛ سەربازی، سیاسی و دیپلۆماسی پشتیوانیی (جووتیاران) بکەین، چونکە ئەمە قەزییەی جووتیاران نییە، ئەمە قەزییەی خاکە.”

میرانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی لە مێژووی ڕزگاریخوازی گەلی کورد کرد “لە ڕابردوودا پارتی دیموکراتی کوردستان، لەسەر خاک شۆڕشێکی لە دەست داوە. ناکرێت ئەمڕۆ چاو لە داگیرکردنی خاکی خۆمان بپۆشین. نەک داگیر بکرێت، تەنانەت ڕێگە نەدەن جووتیارانمان بچنە سەر زەوییەکانیان و بیانکێڵن.”

ڕووداوەکەی گوندی شەناغەی کەرکووک

دووشەممە، 17-02-2025، سەرەڕای پەسەندکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس بۆ دەست بەسەرداگرتنی زەوییە کشتووکاڵییەکانی جووتیارانی کورد، سوپای عێراق لە گوندی شەناغەی سنووری کەرکووک، ڕێگرییان لە کێڵانی زەویی جووتیارانی کورد کرد و پەلامار و ئازاری جووتیارانیان دا؛ جووتیارانیش ڕووبەڕوویان بوونەوە و گوێیان بە هەڕەشەکانی سوپا نەدا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 18-02-2025، هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد “گوندی شەناغە بە هێزێکی زۆری سوپای عێراق دەوردراوە و خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. هاوکات بازگەکانی هاتن بۆ گوندەکە، زۆر توندوتۆڵ کراون.”

مۆڵه‌تی 48 كاتژمێریان داوەتە سوپای عێراق

جووتیارێکی گوندی شەناغە بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند “سوپای عێراق، سوپایەکی شۆڤێنییە، پابەندی هیچ یاسا و ڕێککەوتنێک نابێت. ئێمەش مۆڵەتی 48 کاتژمێرمان بە سوپا داوە تاوەکوو گوندەکەمان بەجێ بهێڵێت، ئەگەر تاوەکوو ڕۆژی پێنجشەممە، 20-02-2025، لە ڕێگریی بەردەوام بوون، زەوییەکانمان دەکێڵین، ئەگەر خوێنمان لەسەر داناوە.”