فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بۆ پشتیوانی لە جووتیارانی کورد گەیشتنە گوندی شەناغەی سنووری سەرگەڕان.
ڤیان دەخیل پەرلەمانتاری عێراق ڕایگەیاند ئێمە ئەو زوڵمەی لە جووتیارانی کورد دەکرێت، قەبوڵ ناکەین.
گوتیشی: ئێمە بە یاسا هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ژڕێمی بەعس بۆ داگیرکردن و گەڕاندەوەی زەوی جووتیارانی کوردمان پەسەند کردووە و دەبێت یاساکەش جێبەجێ بکرێت.
هەروەها نەجوە کاکەیی پەرلەمانتار و نوێنەری دانیشتووانی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق گوتی: پارتی هەر لە بنەڕەتدا خۆی بە خاوەنی قەزییەی کورد زانیوە و ئەمڕۆکەش هەر بۆیە هاتووینەتە شەناغە، بۆ ئەوەی بزانین هۆکار چییە سوپای عێراق پەلاماری جووتیارانی کورد دەدات و ڕێگریان لێ دەکات.
ڕێگرییەکانی سوپای عێراق لە جووتیارانی کورد لە کاتێکدایە، کە پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی 21ی کانوونی دووەمی 2025، هەردوو بڕیاری ژمارە 1018ی ساڵی 1982، لەگەڵ بڕیاری 554ی ساڵی 1983ی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبی بەعسی هەڵوەشاندەوە، کە زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەوی و موڵکی هاووڵاتییانی کورد و تورکمان لە سنووری پارێزگای کەرکووک و چەند ناوچەیەکی دیکە دەستی بەسەرداگیرا و وەبەرهێنانی زەوییە کشتووکاڵییەکان بە عەرەبی هاوردە درابوو، بەڵام بە هەڵوەشاندنەوەی هەردوو بڕیارەکە، زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان کە کورد و تورکمانن گەڕێنرایەوە کە دەکەونە سنوورهكانی كهركووك، دووبز، پردێ، لهیلان، تازه، سهرگهڕان، داقووق، دووز خورماتوو، خانهقین و مهندهلی.
هەروەها 13ی ئەم مانگە لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق واژۆی لەسەر هەر سێ یاساکانی باری کەسی، لێبووردی گشتی و گەڕاندنەوەی موڵکە دەست بەسەرداگیراوەکانی جووتیاران پەسەند کرد.