واژۆکرانی گەورەترین گرێبەستی ژێرخانی گــــــــــــــــەشتیاری لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا

شۆڕش غەفووری – هه‌‌ولێر

بە دەستپێشخەرییەکی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە چوارچێوەی دیدگای حكومەت بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری كە گەشتیاری ڕۆڵێكی سەرەكی تێدا دەبینێت، هەرێمی کوردستان ئامادەکاری دەکات بۆ چوونە سەر نەخشەی گەشتیاریی جیهانی لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی گەورەی تەلەفریک لە چیا سەرکەشەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

ڕۆژی چوارشەممە، 12ی شوباتی 2025، ئۆفیسی ڤیزت كوردستان ـVisit Kurdistan، گرێبەستێکی مێژوویی بە بەهای 160ملیۆن دۆلار لەگەڵ کۆمپانیا ئیتالیاییەکەی لایتنەر (Leitner) واژۆ کرد کە کۆمپانیایەکی پێشەنگە لە بواری دروستکردنی سیستمی تەلەفریک. کۆمپانیاکە، تەلەفریکێک بە درێژایی 10 کیلۆمەتر لەسەر چیا سەركەشەكانی ناوچەی سۆران دروست دەكات كە دەبێتە هۆی بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری هەرێمی کوردستان، ئەمەش بە ئامانجی یارمەتیدانی ڕاکێشانی 20ملیۆن گەشتیار تا ساڵی 2035.
تەلەفریكەكە حەوت وێستگەی هەیە و دەبێتە یەکێک لە درێژترین تەلەفریکەکانی جیهان و بەدەر لە سوودە ئێجگار گەورە ئابوورییەكەی كە بە ناوچەکەی دەگەیێنێت، زیاتر لە 500 هەلی كار دەڕەخسێنێت و لە یەكەم ساڵی كاركردنیدا نزیکەی 50ملیۆن دۆلار سوودی دەبێت بۆ بازاڕی ناوخۆیی.
گرێبەستەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆڕبەندی ئابووری کوردستان – ئیتالیا لە ڕۆما لە نێوان ڤیزت کوردستان و لایتنەر واژۆ کراوە. شایەنی باسە ئەمە دەبێتە گەورەترین پڕۆژەی ئەندازیاریی گەشتیاری کە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان ئەنجام درابێت. خاڵێکی وەرچەرخانیشە لە درێژەی هەنگاوەکانی کوردستان بۆ وەبەرهێنان و بنیادنانی ژێرخانێکی گەشتیاری خۆبژێو.

گرنگترین خاڵەکانی پڕۆژەکە:
ـ گەشانەوەی کەرتی گەشتیاری: پێشبینی دەکرێت پڕۆژەکە داهاتی ساڵانەی کەرتی گەشتیاری بە رێژەی 5٪ زیاد بکات.
ـ ماوەی جێبەجێکردن: لە بەهاری ساڵی 2025 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە سەرەتای 2027 تەواو دەبێت.
ـ ڕەخساندنی هەلی کار: پڕۆژەکە زیاتر لە 500 هەلی کار بۆ دانیشتوان دەڕەخسێنێت لەو شوێنە گەشتیارییە جیاجیایانەی کە لە وێستگەکانی پڕۆژەکەدا دروست دەکرێن، وەک چێشتخانە، کافتریا، سپا، هاوینەهەوار و ئوتێل. ئەمەش بێگوومان سوودی ئابووری بەرچاو بۆ کۆمەڵگە دەستەبەر دەکات.
ـ نوێترین تەکنەلۆژیا: تەلەفریکەکە بە درێژایی 10 کیلۆمەتر، 7 وێستگە لەخۆدەگرێت و بە سیستەمی کێبڵی دووانەیی پێشکەوتوو دروست دەکرێت کە ناسراوە بە جێگیری، سەلامەتی، و ئاسوودەیی، وێستگەی کۆتاییشی لە چیای کۆڕەک دەبێت.
ـ پاراستنی ژینگە: نەخشەی پڕۆژەکە، بە لەبەرچاوگرتنی سروستی شوێنەکە دانراوە. ڕەچاوی ئەوە کراوە زیاتر ناوچە بەرزەکان بەکار بهێندرێن بۆ ئەوەی کەمترین زیان بە ڕووی شاخەکان بگات و دارستانەکانی ناوچەکەش بە دەستلێنەدراوەیی بمێننەوە.
ـ کارکردن لە هەموو وەرزەکان: تەلەفریکەکە ڕۆژانە 10 کاتژمێر و بە درێژایی ساڵ کار دەکات.
دیدگایەک بۆ بووژانەوەی بەردەوام
دکتۆر سەرباز عوسمان، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم بارەوە دەڵێت: ئەم پابەندییەی هەرێمی کوردستان بە پەرەپێدانی ژێرخانێکی بەهێز، نیشانەی خواستی حکومەتە بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و بەشێکە لە پلانە گشتگیرەکانمان بۆ بووژانەوەی هەرێمی کوردستان. بە ئومێدەوە چاوەڕوانی کاریگەرییە ئەرێنییەکانی پرۆژەکە دەکەین لەسەر ئابووریی هەرێم و هیوادارین سوودێکی باش بە گەشتیار و دانیشتووان بگەیێنێت.
دابان حەمید، بەڕیوەبەری جێبەجێکاری ڤیزت کوردستان، دەربارەی پێگەی گەشتیاریی هەرێمی کوردستان، گوتی: “کوردستان جێگرەوەی شێوازە باوەکەی گەشتوگوزارییە لە جیهاندا. دەرگامان کراوەیە بە ڕووی گەشتیاران بۆ ئەوەی بێن و چێژ ببینن لە دۆزینەوەی گەوهەرە مێژوویی و سرووستییەکانمان و بەناو دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگەڕێن. خۆشحاڵین کە پێکەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای لایتنەر لەسەر ئەم دەستپێشخەرییە گرنگە کار بکەین بۆ بەرەوپێشبردنی ژێرخان و هەمەجۆرکردنی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار و ناساندنی یەکێک لە ناوچە هەرە جوانەکانی کوردستان بە جیهان.”
تۆماس شوبێرت، بەڕێوەبەری هەناردەکردن لە کۆمپانیای لایتنەری ئیتاڵی لەسەر پڕۆژەكە گوتی “کارکردن لەسەر ئەم پڕۆژە گرنگ و کاریگەرە دەرفەتێکی بێوێنەیە بۆ لایتنەر بۆ زیادکردنی خەرمانی پرۆژە سەرکەوتووەکانی کۆمپانیاکەمان. ئەم پرۆژەیە دەرگای بەرەوپێشبردنی زیاتری کەرتی گەشتیاریش دەکاتەوە لە ناوچەکە. بە پەرۆشین بۆ بینینی خۆشیی خەڵک و گەشتیاران لە کاتی سەردانیکردن و چێژوەرگرتن لە پرۆژەکە.”
شایانی باسە، ڤیزت کوردستان دەستەیەکی گەشتیارییە بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و دانانی کوردستان لەسەر نەخشەی گەشتیاریی جیهانی و ناساندنی وەک شوێنیکی سەرسوڕهێنەر کار دەکات. بۆ ئەمەش کوردستان وەک دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش دەکات و گەشتیاران بانگهێشت دەکات بێن و ناوچە مێژوویی و کلتووری و سروشتییەکان ببینن و ئەزموونی میواندۆستیی گەرمی کوردەواری بکەن. گەشتیاران بانگهێشت دەكات كە نایابی و ڕەسەنایەتی و سەرکێشییەکانی كوردستانی نیشتمان تاقی بکەنەوە.
ـ لایتنەر یەکێکە لە کۆمپانیا پێشەنگ و جیهانییەکانی بەرهەمهێنانی سیستەمەکانی تەلەفریک. بەرهەمەکانی لایتنەر گۆندۆلا و کورسیی هەڵواسراوی جیاکراوە و جێگیر، هەروەها ترامی هەوایی، تەلەفریکی گەشتیاری، تەلەفریکی کەرەستە، بەرزکەرەوەی لار و تەلەفریکی ڕووکاری لەخۆ دەگرێت. بە مێژوویەکی دەوڵەمەند و پابەندبوون بە داهێنان، لایتنەر ناوبانگێکی بەهێزی دروست کردووە بۆ دابینکردنی گواستنەوەی کوالێتی بەرز بە ڕێگەی پەت و کێبڵ.