یادی حەفتا و دوو ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، بە گەرمی لە بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت و ئەندامانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان پیرۆز دەکەم، ھیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازم.
یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە دامەزراندنییەوە قوتابخانەی خەبات و ھۆشیاریی نیشتمانی بووە، ڕۆڵێکی سەرەکیی لە پێگەیاندنی سەرکردە و کادیرە پێشکەوتووەکاندا بینیووە. شانازی دەکەم کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەشێک بووم لەم یەکێتییە و لەگەڵ ھاوڕێ قوتابییەکانم لە خزمەتی ئامانجە بەرزەکانیدا کارم کردووە. ئەم ئەزموونە گرنگیی ڕێکخستنی قوتابیان و بەھێزکردنی ھۆشیاری و باوەڕیان بە ڕۆڵیان لە بنیاتنانی کۆمەڵگە و نیشتماندا پشتڕاست کردەوە.
ئەمڕۆ وێڕای ئەرکیان لە بەرگریکردن لە مافەکانی قوتابیان، بەرپرسیاریەتییەکی گەورەیان لە ئەستۆدایە بۆ ئامادەکردنی نەوەیەکی ھۆشیار و بەرپرسیار کە بڕوای بە بەھاکانی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و یەکڕیزیی نیشتمانی ھەبێت و بە زانست و تەکنەلۆجیا ئامادەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکانی سەردەم. بەردەوام پشتگیرییان دەکەین و متمانەمان بە تواناکانیان ھەیە کە لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا سەرکەوتوو بن.
داھاتووی کوردستان پشت بە زانست، زانیاری و داھێنان دەبەستێت و قوتابیان ھیوا و بناغەی سەرەکیی وڵاتن. چاومان لەوەیە پێشەنگ بن، بەشداریی لە پێشکەوتنی کۆمەڵگەکەماندا بکەن و سوود لە ھەموو دەرفەتەکان وەربگرن بۆ پەرەپێدانی خۆیان و دەوڵەمەندکردنی ئەزموونی زانستی و کولتوورییان.
لەم یادەدا، بە ڕێز و پێزانینەوە شەھیدانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و ھەموو شەھیدانی کوردستان، بەبیر دەھێنینەوە. سڵاو لە تەواوی قوتابیانی کوردستان.