سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندی دەم پارتی، لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، لە هەولێر، لە کۆبوونەوەدان.
لە چوارچێوەی سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان؛ بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 17-02-2025، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی، سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان لە هەولێر کرد و ئێستە لە کۆبوونەوەدان.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و شاندی دەم پارتی، پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان و ئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندەکە لە ئیمرالی، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەبێت.
دوێنێ یەکشەممە، 16-02-2025، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە میۆنشن، لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی ڕایگەیاند “هیوادارین گوێبیستی بانگەوازێکی ئاشتی لەلایەن بەڕێز عەبدوڵلا ئۆجەلانەوە بین؛ هیوادارین پەکەکەش هەڵوێستی هەبێت و پێشوازیی لە پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان بکات.”
وا بڕیارە هەر ئەمڕۆ دووشەممە، شاندەکەی دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی، لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.
بەیانیی یەکشەممە، 16-02-2025، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر؛ گەیشتە بارەگای بارزانی و لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی “لە دیدارەكەدا، شاندی ئیمرالی بیروبۆچوونی خۆیان لەمەڕ بارودۆخی سیاسی و پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و وردەكاری و ئەنجامی دیدارەكانیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.”
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە “شاندی ئیمرالی لەو دیدارەدا ناوەڕۆكی پەیامی عەبدوڵلا ئۆجەلانیشیان بە سەرۆك بارزانی گەیاند.” ئەوەشی خستووەتە ڕوو “سەرۆك بارزانی جەختی لە بایەخی پرۆسەی ئاشتی وەك تاكە ڕێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەر كردەوە و بە پێویستیشی زانی كە هەموو لایەك هەوڵی خۆیان لەوەدا چڕ بكەنەوە كە پرۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام.”