ڕائیب جادر – هەولێر
بێ بازاڕی باڵی کێشاوە بەسەر بازاڕی زێڕینگراندا. بەشێک لە زێڕینگران دەڵێن، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ کاری کردۆتە سەر کەمبوونەوەی پرۆسەی ھاوسەرگیری. توێژەرێکی دەروونییش، ڕاگەیاند، ئەگەر ھاوسەرگیری لەسەر بنەمای خۆشەویستی و ڕێگەیەکی دروستی ئامانجدار بێت، پێویست ناکات زێڕ و پارەی زۆر بکرێتە پێوەر.
ھۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا و بۆرسەی جیھانی دەگەڕێتەوە کە بەردەوام ڕووی لە بەرزبوونەوەیە، ناسەقامگیری ئابووری و سیاسی وڵاتان وای کردووە کە نرخی زێڕ ناسەقامگیر بێت، بەپێی قسەی ئابووریناسان بێت کڕینی زێڕ قازانجەکەی بەردەوامە، ئەگەر نرخەکەشی گران بێت. بۆ یەکەمجارە نرخی زێڕی عەیار ٢١ مسقاڵی بگاتە ٦١٥ ھەزار دینار، ئەوەش کاریگەری ھەبووە لەسەر کەمبوونەوەی پرۆسەی ھاوسەرگیری و وای کردووە کە گەنجان پاشەکشە بکەن لەو پڕۆسەیە.
زێڕ بە یەکێک لە کانزا بە نرخەکانی جیھان دادەنرێت و لەڕووی ئابوورییەوە بە شتێکی گرنگ و خاوەنبەھا دەژمێردرێت، نرخەکەشی بەپێی ھەلومەرجی ئابووری لە ھەڵسان و دابەزیندایە، مرۆڤ ھەر کاتێک بیەوێت ھەم بۆ جوانی و بەھۆی نرخەکەشیەوە وەکو ماڵێکی سپی سوودی لێ وەردەگرێت، جگە لەوەی ھەر لە دێر زەمانەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەم کانزایە مایەی پێکەوەبەستنی ھەر دوو ڕەگەز بووە.
لە ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە نرخی زێڕ لەلایەن سەندیکای زێڕینگرانەوە بڵاودەکرێتەوە، ئەو زێڕەی کە دێتە کوردستان زۆربەی لە ئیمارات و تورکیاوە دێت، خەڵکی ھەرێمی کوردستان زیاتر زێڕی عەیار ٢١ کڕین و فرۆشتن پێوە دەکەن.
لە ھەرێمی کوردستان ژمارەیەک کۆمپانیای تایبەت بە ھاوردە و ھەناردەی زێڕ ھەن کە زێڕی شکاو لە پێشانگەکان دەکڕنەوە و دوای تواندنەوەی بە قاڵب بە ئیمارات و تورکیای دەفرۆشن، لەوێش زێڕی دروستکراو ھاوردە دەکەن.
بازاڕی زێڕ ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دۆخی دارایی ھاووڵاتییان، ئەوکاتەی ھاووڵاتییان لەڕووی داراییەوە دۆخیان باش بێت، زێڕینگرانیش بازاڕیان باش دەبێت، بەڵام کاتێک لایەنی دارایی ھاووڵاتییان باش نەبێت، زێڕینگرانیش بازاڕیان باش نابێت.
ھەزار و ٧٠٠ پێشانگەی زێڕ و ٥٠ کۆمپانیای بازرگانی ھاورد و ھەناردەی زێڕ و ئەلماس و بەردە بە نرخەکان لە ھەرێمی کوردستان ھەن، پێشانگەکان بەشێوەی تاک زێڕی دروستکراو دەفرۆشن و زێڕی کۆن و شکاویش لە خەڵک دەکڕنەوە، دوای تواندنەوەی بە قاڵب بە کۆمپانیاکانی زێڕ دەفرۆشنەوە، ئەوانیش قاڵبە زێڕەکان بە بازرگانانی تورکیا و ئیمارات دەفرۆشنەوە، لە بەرامبەریشدا زێڕی دروستکراو ھاوردە دەکەن.
لە کۆمەڵگەی کوردیدا لە کاتی پێکھێنانی پرۆسەی ھاوسەرگیری، وەک نەریتێک پێویستە ماڵی زاوا برێک زێڕ بۆ بووکەکە بکڕێت، کوڕان زۆرجار گلەیی ئەوە دەکەن کە ئەم نەریتە بۆتە بارگرانی بۆیان، ھەروەھا گرانبوونی زێڕ لەم دواییانەدا ئەم بارگرانییەی قورستر کردووە، بەپێی قسەی زێڕینگران ئەمەش بۆتە ھۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ھاوسەرگیری.
بیتا زیاد، تازە لەگەڵ کوڕێک ئەلقەی گۆڕیوەتەوە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: زێڕ یارمەتیدەرە لە کاتی پێویست و تەنگانەدا دەتوانی سوودی لێ ببینی، جگە لەوەی جوانییەکیش بە ئافرەتان دەبەخشێت، بەڵام نامان گەیەنێت بە بەختەوەری، جگە لەوەی ئێستا داواکردنی زێڕ چاولێکەرییە و ھیچی دیکە نییە، بۆیە پێموایە ئەگەر کچان بیانەوێت بە ئاسوودەی بژین ئەوا ھەرگیز نابێت داوای زێڕی زۆر بکەن، چونکە زێڕ ژیانی ئافرەتان ئاسوودە ناکات.
کایار وریا، کە تازە ژنی مارە کردووە و خەریکی کڕینی زێڕ بوو، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، ئێستا ژنم مارەکردووە، خۆش یان ناخۆش دەبێت ھەر زێڕ بکڕم، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە نرخی زێڕ زۆر گرانە، زۆر لە گەنجان لەبەر گرانی زێڕ ژیانی ھاوسەرگیری پێکناھێنن، ھیوادارین نرخی زێڕ نزم بێتەوە، بۆ ئەوەی نەبێتە ڕێگر لە بەردەم پێکھێنانی ژیانی ھاوسەرگیری.
بەشێک لە زێڕینگران، دەڵێن، زێر لەوەتەی ھەیە بەردەوام نرخەکەی ھەڵکشان و داکشانی بەخۆیەوە بینیوە، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، پەیوەندی بە دۆخی ئەمریکاوە ھەیە، کێشە و ئالۆزی وڵاتان و ئەو شەڕەی لە وڵاتان ھەیە، ئەوەش دەورێکی سەرەکی ھەیە، لە داھاتوودا نرخی زێڕ زیاتر بەرز دەبێتەوە. زێڕینگر موخلیس ئازاد، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھەر کاتێک نرخی زێر لە جیھان گران دەبێت، ئێمەش ناچارین لە ھەرێمی کوردستان گران بکەین، ئێستا نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار ٢١ بە ٦١٥ ھەزار دینارە، ئەوەش ھۆکارە بۆ ئەوەی پرۆسەی ھاوسەرگیری وەکو جاران نەبێت، پێش ماوەیەک ئەگەر ڕۆژانە ٥٠ کەس سەردانی ئێمەیان کردبێت بۆ کڕینی زێر، ئێستا ڕۆژانە ٥ کەس ناھێن، ئەوەی زێڕ دەکڕێت تەنیا ٥ تا ١٠ مسقاڵ زیاتر ناکڕێت.
مونیر حەمید، توێژەری دەروونی، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: بەرزبوونەوەی زێڕ بەم ڕێژە زۆرە، بارگرانییەکی زۆری دروست کردووە بۆ گەنجان، ئەگەر ھاوسەرگیری لەسەر بنەمای خۆشەویستی و ڕێگەیەکی دروستی ئامانجدار بێت، ئەوا پێویست ناکات زێڕ و پارەی زۆر بکرێتە پێوەر، ناکرێت باری ئابووری و کڕینی زێڕ بخرێتە پێش بنەمای خۆشەویستی و ڕێزگرتن، لەگەڵ ئەوەش یەکێک لە ھۆکارەکانی زیادبوونی ڕێژەی قەیرەیی، لایەنی داراییە، بۆیە گرنگە ئەگەر کچ و کوڕێک بیانەوێت بە یەکتر بگەن، دەبێت ڕێز و خۆشەویستی لەنێوانیاندا ھەبێت، نەک زێڕ و پارە.