پێگەی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

٦١ـــەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەستیپێکرد و بڕیارە تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوام بێت، بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی جیهان ئەوە دەسەلمێنێت کە ھەرێم لە ئاستی نێودەوڵەتی حیساب بۆ کراوە و پێگەی کوردستان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگە، ئەوەش بەھێزی پێگەی دیپلۆماسی ھەرێمی کوردستان نیشان دەدات.

کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ١٤ی ئەم مانگە لە شاری میونشنی ئەڵمانیا دەستی پێ کرد و تا ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت، کۆنفرانسەکە بە گەورەترین کۆنفرانس لە جیهان دادەنرێت لە بواری ئاسایش، بە داوەتێکی فەرمی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەشدارە لە کۆنفراسەکەدا کە زیاتر لە ٤٠ سەرۆکوەزیران و سەرۆکی وڵاتان و ٥٠٠ کەسایەتی جیهانی لەو کۆنفرانسەدا بەشدارن، ئەمڕۆش کە دوا ڕۆژی کۆنگرەکەیە چەندین دیدار و چالاکی دیکەی دەبێت.
سێ لە پرسە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە تاوتوێکردنی ئاگربەست لە غەززە، وەستانی شەڕی نێوان ڕووسیا – ئۆکراینا و دۆخی سووریان.
کۆنفرانسی میونشن، گرنگترین کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانییە کە ساڵانە لە شاری میونشنی ئەڵمانیا دەکرێت، لە ساڵی ١٩٦٣ لەنێوان ئەندامانی ناتۆ دەستیپێکردوو و لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەرگای بۆ ھەموو وڵاتانی جیهان کردەوە تاوەکو پرسە ئەمنی و سیاسییەکانی جیهان بە چڕی و وردی و ڕەخنەگەرانە بخرێنە بەر باس و لێکۆڵینەوە، کۆنفرانسەکە ساڵانە بە مەبەستی دروستکردنی ھەماھەنگی زیاتری جیهانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشە جیهانییەکان بەڕێوەدەچێت و دەرفەتێکیشە بۆ کەسانی بەرپرس لەو بوارە، تاکو بیروڕاکانیان ئاڵۆگۆڕ بکەن و پەیوەندی بەھێزتر دروست بکەن، ھەرچەندە کۆنفرانسەکە شوێنی ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانە لەسەر بابەتە ئەمنییەکان و ھیچ بڕیارێکی تێدا نادرێت، بەڵام لەبەر گرنگییەکەی بە داڤۆسی ئاسایش ناودەبرێت، واتە گرنگی میونشن بۆ ئاسایش وەک گرنگی داڤۆسە بۆ ئابووری.
دڵشاد شەھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لەبارەی بەشداریکردنی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئاشکرای کرد: ھەرێمی کوردستان وەکو ھەرێمێکی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقدایە و لە ھەمانکاتدا بەھۆی شەڕی دژی تیرۆر و پارێزگاری لە ئاشتیی جیهانی، خاوەن تایبەتمەندییە.
دڵشاد شەھاب، دەشڵێ: ھەرێمی کوردستان بەگشتی ١٠ جار و سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش شەش جار لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار بووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەریی پێگە و ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان لە سەقامگیریی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە بێگومان جێگەی تێڕوانینی زلھێزەکانە.
دڵشاد شەھاب، ئاماژەی بەوەدا، گۆڕانکارییەکانی سووریا لە چەند بوارێکەوە پەیوەندیان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە، بەشێکی سنووری نێوان عێراق و سووریا دەکەوێتە ھەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی سووریا لێرە ھەن، ھەروەھا برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان ھەن، بۆیە زلھێزەکان پرسیاری تێڕوانینی ئێمە دەکەن.
زکری حەمەد، شارەزایی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بەشداری شاندی ھەرێم لە کۆنفرانسی میونشن، گرنگییەکەی لەوە دایە کە ئەو کۆنفرانسە، باس لە ئەمن و ئاسایشی ھەموو جیهان دەکات، ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان، سەرۆک و وەزیرانی وڵاتان تێدا بەشدارن، ھەرێمی کوردستانیش بەشدارە، بەشداری کورد لەو کۆنفرانسەدا ئەوە دەگەیەنێت کە کورد ڕۆڵی کارای ھەیە لە ئاسایشی جیهانی، لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئەو ڕۆڵە وای لێ کردووە کە لە ھەر شوێنێکی جیهان گۆنگرەیەک، یان کۆنفرانسێک بەو ناوە ببەسترێت، نوێنەری کورد تێدا بەشدار بێت.
دەشڵێ: کۆنفرانسی میونشن کە ساڵانە دەکرێت، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ گەلی کوردستان کە سەرکردایەتی کورد لەو کۆنفرانسەدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی جیهان کۆدەبێتەوە و دیداری گرنگیان دەبێت، ئەوە گرنگی خۆی ھەیە بۆ ھەرێمی کوردستان، دەتوانن پشتگیری زیاتر بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەست بھێنن، بۆیە پێشوازیکردن لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەلایەن ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە و بەرپرسانی وڵاتان نیشانەی بەھێزی پێگەی دیپلۆماسیی ھەرێمی کوردستانە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا و ئەمریکا زۆر گرنگە، ھەر لەبەر ئەوەش کۆمەڵگەی نێودەڵەتی پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان دەکات، لە ھەمان کاتدا وەکو پارێزەرێکی جیهانی تەماشای ھەرێم دەکرێت.
د. خەلیل شەوکەت، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” ڕوونیکردەوە: پێگەی ھەرێم لە جیهان لەڕووی سیاسی، سەربازی و ئابووری گرنگی زۆری بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھەیە، بۆیە بەشداری سەرۆکی کوردستان لەو کۆنفرانسەدا گرنگی خۆی ھەیە، ئەوەش ئەوە دەردەخات کە پێگەی ھەرێمی کوردستان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگە، لە پەراوێزی ئەو کۆنفرانسەدا سەرۆکی ھەرێم چاوی بە بەرپرسانی جیهان کەوت، بۆیە ئەو دیدار و کۆبوونەوانە بۆ ھەرێمی کوردستان بەرھەمدار و پڕ بایەخ بوون.
نەوزاد حوسێن، چالاکوانی سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: بەشداریکردنی بەرپرسانی ھەرێم لە کۆنفرانسی ساڵانەی میونشن، زۆر گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، چونکە لە پەڕاوێزی ئەو کۆنفرانس و کۆڕبەندانەدا ھەمیشە کۆبوونەوەی زۆر گرنگ دەکرێن، وەکو بینیشمان لە نێوان سەرۆک و بڕیاربەدەستانی وڵاتان چەندین کۆبوونەوەی گرنگ کراون، ھەرێمی کوردستان وەکو کاراکتەرێکی نادەوڵەتی ئەکتیڤ و کارا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆڵێکی گرنگی ھەیە لە بەرقرارکردنی ئاسایش و تێکشکاندنی داعش، بۆیە یەکێک دەبێت لە داڕێژەرانی پلانی سەقامگیریی جیهان، چونکە بوونی داعش ھەڕەشەیەکی جیددی بوو لەسەر ئاسایشی جیهان، ئێستاش ھەندێک شانەی نووستووی داعش ھەر ماون، فکرەی داعش ھەر ماوە، ھەڕەشە لە ئاسایشی جیهان دەکەن، کە لێرەو لەوێ خەڵکانێک ھەن دەیانەوێت ئاسایشی جیهان تێک بدەن، ھەر لەبەر ئەوە پێگەی ھەرێمی کوردستان وەکو پێگەیەکی گرنگ، پێگەی پێشمەرگە تێکشکێنەری داعش گرنگ بووە لەو ناوچەیە، بەشداری سەرۆکی ھەرێم بە دڵنیایەوە لەلایەن وڵاتانەوە بە گرنگی دەخوێندرێتەوە بۆ بەرژەوەندی ھاوبەش، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەو چاوپێکەوتنانەی لە پەڕاوێزی کۆنفڕانسەکە کراون، گرنگن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بۆ زیاتر ئالوگۆڕکردن و ڕێککەوتن لەسەر بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان، ھەروەھا ھەماھەنگی ھاوبەش، ئەمەش بۆ بەرقرارکردنی ئاشتییە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە ھەرێمی کوردستان بە بەڵگە لەسەر زەوی سەلماندوویەتی کە ڕۆڵی لە سەقامگیری ئاسایشی ناوچەکە ھەیە و قوربانی زۆری لە جەنگی دژی تیرۆر داوە، ئێستاش خۆشبەختانە کورد بەشێوەیەکی دراماتیکی لە کۆڕبەندە ھەرە گەرمە سیاسییەکان بەشداری دەکات، بە دڵنیاییەوە ھەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت بۆ سەقامگیری ناوچەکە.