مادەی هۆشبەر بووەتە هەڕەشەیەکی زۆر جیددی لەسەر سەر کۆمەڵگەی عێراق و هەرێمی کوردستان

 

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

مادەی هۆشبەر بووەتە هەڕەشەیەکی زۆر جیددی و مەترسیدار بۆ سەر کۆمەڵگەی کوردستان و عێراق و جگە لەوەی کە ژمارەی ئاڵوودەبووانی مادەی هۆشبەر لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەرزبوونەوەدایە لە هەمان کاتدا ژمارەی بازرگانیکردن بەو مادە مەترسیدارەش زیادی کردووە و دەستگیرکردنی بازرگانان و قاچاخچییانی مادەی هۆشبەر چ لە لایەن ئاسایشی هەرێمی کوردستان و چ لە لایەن ئاسایش عێراق و پارێزگاکان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت و ئەو پێویستییەشی هێناوەتە کایەوە بەر لە هەمووان حکوومەتی فیدراڵی لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەکە و ڕێگریکردن لە بازرگانان و گرووپە میلیشیاکان مکوڕتر بێت.

لە ماوەی لانی کەم دوو دەیەی ڕابردوودا، بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر و بازرگانیکردن پێی لە حاڵەتەوە گۆڕدراوە بۆ دیاردە و ڕۆژ نییە لە شارێک یان شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان و عێراق قاچاخچییەکی مادەی هۆشبەر نەگیرێت و ڕووبەڕووی یاسا و دادگا نەکرێتەوە. ژمارەی ئەو کەسانەی لە ناوەندە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بەو هۆیەوە حوکم دراون لە سەدانەوە زیادی کردووە بۆ هەزاران کەس. هاوکات بەپێی ئامارەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٤دا شەش تۆن و سەد و هەشتا و سێ کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە و سەرووی چواردە هەزار کەسیش بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە عێراق گیراون.
لە نوێترین ڕووداودا پێنجشەممەی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بە فەرمی ئاشکرای کرد تیمەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەستیان گرت بەسەر بڕی یەك کیلۆ و پێنجسەد گرام مادەی هۆشبەر لە جۆری هیرۆین، کە لەلایەن باندێکی بازرگانیکردن بەمادە هۆشبەرەکان، کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە، بەڕێگەی کۆمپانیایەکی تایبەت بە گەیاندن و گواستنەوە، دەربازی هەرێمی کوردستان و هەولێر کرابوو.
هەروەها ئاماژەی دابوو کە ئەم مادە هۆشبەرە بەشێوازێکی زۆر شارەزا و لێزانانە لە ژێرەوەی سێتێک مەنجەڵ و تاوەی تیڤاڵ حەشار دراوە و بە مادەیەکی ڕەق ڕووپۆش کراوە، بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبێت و نەبینرێتەوە.
قاچاخچییان و بازرگانانی مادەی هۆشبەر ئەگەر لە هیچ شتێکدا داهێنانیان نەبێت ئەوا لە گواستنەوەی مادەی هۆشبەر داهێنانیان هەیە و هەر جارە و فێڵێک و شێوازێکی سەیر و سەمەرە بەکاردەهێنن، هەبووە لە ناو سکیدا حەشاری داوە، هەبووە لەنێو خۆراک و شوێنە جیاوازەکانی ئۆتۆمبێل و ئامێر و بەرهەمی دیکە وای شاردووەتەوە بتوانێت بە شوێنی مەبەستی بگەیەنێت بەڵام لە تیمەکانی ئاسایش دەربازی نەبووە، هەرچەندە هەموو ئەو شێوازانەیش کە تاقی کراونەتەوە ئەوا ڕەنگە چەند جارێک لە هێنانیدا سەرکەوتنیشیان بەدەست هێنابێت.
لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەری ڕاگەیاند کە سەرجەمیان بیانی بوون و لە مەرزی باشماخەوە دەربازی هەرێمی کوردستان ببوون و بڕێک ماددەی هۆشبەریان لە جۆری هیرۆیین لەسەر شێوەی کەپسول قووت دابوو و لە گەدەی خۆیاندا هەڵیانگرتبوو و بەنیاز بوون لە شاری هەولێر بازرگانی پێوە بکەن و ساغی بکەنەوە.

ئەو دیاردە مەترسیدارە کاتێک زیاتر پەرەی سەند کە پارێزگاکانی عێراق بوونە مەیدانی چالاکیی میلیشیاکان و بەقاچاغبردنی مادەی هۆشبەر، دۆخەکە لە عێراق زۆر خراپە و بەهۆی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان سنوورێکی بەرفراوانی لەگەڵ عێراقدا هەیە کۆنترۆڵی ئەو سنوورانە کارێکی ئاسان نییە و لە عێراقەوە مادەی هۆشبەر جگە لە کوردستان بۆ وڵاتانی تریش دەگوازرێتەوە.
جاروبار ژمارەیەک لەو بازرگانانە گیراون و هەر مانگی ڕابردو بوو کە شازدە تۆمەتباری بازرگانیی مادەی هۆشبەر لە پارێزگای کەرکووک دەستگیر كران کە سێ دەمانچە و مادەی هۆشبەری کریستاڵ و چوار هەزار حەبی هۆشبەریان پێ بوو.
دوێنێ شەممە کەسایەتییەکی باڵای سیاسی و مەزهەبیی عێراق ددانی بەو ڕاستییە نا کە هۆکاری سیاسی له ‌پشت بڵاوبوونه‌وه‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ره‌ و کەسانێک لەنێو حکوومەتی عێراق لێی سوودمەند دەبن. موقته‌دا سه‌در، ڕێبه‌ری ڕه‌وتی نیشتمانیی شیعه‌کان بە ڕاشکاوی گوتی کێشەی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان و بڵاوبوونەوەی لە عێراق، هۆکارەکەی سوودمەندبوونی کەسانێکە لەنێو حکومەت و دەرەوەی، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە جگە لە هۆکاری ئابووری، هۆکاری سیاسیش لە پشت ئەو کارەوە هەیە.
زەرەرمەندێکی سەرەکیی ئەو بازرگانیکردنە کۆمەڵگە و ئەوانەن کە فریوی مافیاکان دەخۆن و ئاڵوودەی مادەکە دەبن و هەوڵی دەستخستنی دەدەن.
هەرێمی کوردستان جگە لەوەی کە بە جیددی ڕووبەڕووی قاچاخچییانی مادەی هۆشبەر بووەتەوە لە هەمان کاتدا لە ڕووی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و دەروونیش لە هەوڵی بنبڕکردنی و پەرەپێدانی هۆشیاریدایە. کۆتایی ساڵی رابردوو بەردی بناغەی سەنتەرێکی شارستانیی تایبەت بە هۆشیاری و شیاندنەوەی ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەر لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داندرا کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراویی LDS ئەمەریکییەوەوە بنیات دەنرێت.
لە داهاتوودا لەو سەنتەرە هەموو ئەو کەسانەی کە بە یاسای بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر سزدراون لە ڕێگەی پزیشکانی دەروونی، توێژەرانی کۆمەڵایەتی و توێژەرانی دەروونی چارەسەری و ڕاهێنانی دووبارە شیاندنەوەیان بۆ دەکرێت و پڕۆژەکەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەکە شیاندنەوەی تووشبووان بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ دادەنرێت.
کاتی ئەوە هاتووە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و رێ لە چالاکیی میلیشیاکان و بەقاچاغبردنی مادەی هۆشبەر بگرێت کە ئاگرێکە تەڕ و وشک بەیەکەوە دەسووتێنێت و هەڕەشە لە هەردوو کۆمەڵگەی عێراق و کوردستان دەکات.