تیمێكی وەزارەتی دارایی عێراق گەیشتۆتە هەولێر و لەگەڵ تیمێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان خەریكی ئامادەكردنی ڕاپۆرتێکن لەسەر خەرجی و داهاتی شەش مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستان.
تیمە هاوبەشەكە ئەمڕۆ یەكشەممە لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان كۆبوونەتەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی کاری تیمە هاوبەشەکان کرا کە بڕیارە ڕاپۆرتێک لەسەر خەرجی و داهاتی 6 مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ڕاپۆرتەکانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ئامادە بکەن.
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ئامادەییی وەزارەت و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی بۆ سەرخستنی کارەکانیان دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، دەرگای وەزارەت و دامەزراوەکان بەردەوام کراوەیە بۆ تیمەکان تا بتوانن لە نزیکترین کاتدا ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن.
لای خۆیانەوە تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی سوپاسی پشتیوانی و هەماهەنگییەکانی وەزیری داراییان کرد کە هەمیشە هاوکار بووە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ ئەوەی کارەکان بەباشی بەڕێوە بچن، دەرئەنجامی ئەو هەوڵانەش وای کردووە تێبینیی تیمەکان لەسەر ڕاپۆرتەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەم ببنەوە.