وەزیری دارایی باسی تەواوی مووچەی ساڵی 2025 دەكات

وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لەسەر بنەمای ئەو ڕێكکەوتنەی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کراوە، بەشێکی زۆری کێشەکانی بەردەم مووچە بۆ ساڵی 2025 چارەسەر بووە.

ئەمڕۆ یەكشەممە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی کرد لە فەرامەرز ئەسەدی کونسوڵی گشتیی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر.

لە دیدارەکدا وەزیری دارایی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێ کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێکەیدا بۆ خواست و جەختی لەسەر گرنگی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە.

کونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر خۆشحاڵی خۆی بە ڕێکكەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕال لەسەر مووچە دەربڕی و ڕایگەیاند كە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆڵی ئەرێنی دەبینێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرال.

لای خۆشییەوە ئاوات شێخ جەناب ڕایگەیاند: لەسەر بنەمای ئەو ڕێكکەوتنەی لەگەڵ حکوومەتی فیدرال کراوە بەشێکی زۆری کێشەکانی بەردەم مووچە بۆ ساڵی 2025 چارەسەر بووە و ئەوەش هەنگاوێکی گرینگە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت کار لەسەر سەرپێخستنەوەی پڕۆژەکان بکات و شایستەی داراییان بۆ دابین بکات.