شاندی دەم پارتی پەیامێکی ئۆجەلانیان گەیاندە سەرۆک بارزانی

سەرۆک بارزانی یارمەتی و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان ڕادەگەیەنێت. 

نزیکەی کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 16-02-2025، شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی بە سەرۆکایەتیی پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر؛ گەیشتە بارەگای بارزانی و لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان؛ لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبوونەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی “لە دیدارەكەدا، شاندی ئیمرالی بیروبۆچوونی خۆیان لەمەڕ بارودۆخی سیاسی و پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و وردەكاری و ئەنجامی دیدارەكانیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.”

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە “شاندی ئیمرالی لەو دیدارەدا ناوەڕۆكی پەیامی عەبدوڵلا ئۆجەلانیشیان بە سەرۆك بارزانی گەیاند.”

بارەگای بارزانی ئەوەشی خستووەتە ڕوو “هەر لەو دیدارەدا، سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، جەختی لە بایەخی پرۆسەی ئاشتی وەك تاكە ڕێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەر كردەوە و بە پێویستیشی زانی كە هەموو لایەك هەوڵی خۆیان لەوەدا چڕ بكەنەوە كە پرۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام.”

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە “سەرۆك بارزانی ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و سەرگرتنی ڕاگەیاند.”

شاندی دەم پارتی: بۆچوون و پێشنیازەکانی سەرۆک بارزانیمان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی وەرگرتن

لەلایەکی دیکەوە دەم پارتی لەبارەی کۆبوونەوەی شاندەکەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە “کۆبوونەوەکەی پیرمام، لە چوارچێوەی دیدارەکانی شاندی دەم پارتی بووە لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و  نزیکەی کاتژمێرێک  و 45 خولەکی خایاندووە.”

دەم پارتی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، شاندی دەم پارتی، سەرۆک مەسعود بارزانییان لە پڕۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان ئاگادار کردووەتەوە و بۆچوون و پێشنیارەکانی سەرۆک بارزانییان لەبارەی پرۆسەکە بە هەند وەرگرتووە.

شاندەکەی دەم پارتی دوێنێ شەممە، 15-02-2025، گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک کۆبوونەوەیان دەبێت.

چاوەڕێ دەکرێت دوای گەڕانەوەیان بۆ باکووری کوردستان، شاندەکەی دەم پارتی کە دوو جار لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان کۆبووەتەوە؛ بۆ جاری سێیەم لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، لەگەڵ ئۆجەلان کۆ ببنەوە