ڕوونکردنەوەیەک لەلایەن نووسینگەی ئەیاد عەللاوییەوە

نووسینگەی عەللاوی جەخت دەکاتەوە، لێکدانەوەی هەڵە بۆ قسەکانی ناوبراو لەبارەی کردنەوەی لقێکی حزبی بەعس، لە هەولێر کراوە. دووپاتیشی دەکاتەوە، عەللاوی ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینی تایبەتی بۆ سەرۆک بارزانی هەیە.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی نیشتمانیی عێراق، لە ڕوونکردنەوەیەکدا باسی لەوە کردووە، لێکدانەوەیەکی هەڵە بۆ قسەکانی عەلاوی سەبارەت بە کردنەوەی لقێکی حزبی بەعس لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی، لە شاری هەولێر کراوە.

نووسینگەکەی دووپاتی کردووەتەوە، عەللاوی لە گوتارەکەیدا سەرلەبەری هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە کە باس لە کردنەوەی لقێکی حزبی بەعس لە شاری هەولێر دەکەن؛ بەڵام بە مەبەست، تەنها بەشێکی گوتارەکەی بڕدراوە و بڵاو کراوەتەوە؛ ئەمەش وایکردووە شرۆڤە و لێکدانەوەی هەڵەی بۆ بکرێت.

وەکوو ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە “ئەیاد عەللاوی ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینی بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە و لە پێشەنگی ئەو کەسانە بووە کە ڕووبەڕووی ڕژێمی پێشوو بووەتەوە.”

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە، 15-02-2025، بارەگای بارزانی بڵاوی کردبووەوە “لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەیەکی سیاسی، بەڕێز ئەیاد عەللاوی هەندێ قسەی لەبارەی کردنەوەی لقی حزبی بەعس لە کوردستان خستووەتە ڕوو. جەخت دەکەینەوە  دەرگەی کوردستان و هەولێر کراوەیە بۆ هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی کە بە ئازادییەوە تێدا بژیێت، بەڵام ئەوەی بەڕێز ئەیاد عەلاوی لەبارەی کردنەوەی لقێکی حزبی بەعس لە کوردستان باسی کردووە دوورە لە ڕاستی و لەهەمانکاتیشدا ڕایدەگەیێنین ئەم جۆرە قسانە جێگەی سەرسووڕمانێکی زۆر و جێگەی پرسیارن کە بۆ ئەم قسانەی کردووە کە ڕاست نین.”