دەقی دیمانەی تایبەتی مەسرور بـــــــــــارزانی لەگەڵ کەناڵی “ئەلعەرەبییە”

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی “العربیە” کردووە تیایدا باسی لە پرسە هەنووکەییەکانی تایبەت بە کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی کردووە.

العربیە: لەم دواییانە پێشکەوتنی گەورەمان بینی کە ناوچەکە بە خۆیەوە دەیبینێت کە دەکرێ ناونیشانە سەرەکییەکەی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمەریکا ترامپ بێت لەم قۆناغەدا. وەک بنەما چۆن دەکرێ پەیوەندیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بخەنە ڕوو؟

مەسرور بارزانی: پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان ھەیە کە پاڵپشتێکی گەورەی عێراق بوو بە گشتی و ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی، بە دیاریکراویش لە میانی شەڕ لە دژی داعش و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. ئەموریکا یارمەتیی بۆ عێراق پێشکەش کردووە لەو کاتەوەی ڕژێمی پێشوو لادراوە. ئێمە بە سرووشتی پەیوەندیی باشمان لەگەڵ ھەموو لایەنە کاراکان لەنێو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەموریکا پێش خستووە کە ئێمە ئەو پاڵپشتییەی ئەوان بە بەھادار دادەنێین، ئێمە لە شەڕی دژ بە داعش ھاوپەیمان بووین، ھەروەھا لە پرۆسەی گەشەپێدانی ھاوبەش کە ھەرێمی کوردستان بە خۆیەوە بینی.

العربیە: بەو مانایە، ئەگەر ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نیودەوڵەتی لە نێو عێراق کەم کرایەوە، ھەندێک ھێز لەنێو ھەرێمی کوردستان دەمێننەوە، کامانەن جۆرەکانی ئەو ھێزانە یان جۆری ئەو مانەوەیەی ھاوپەیمانان لەنێو ھەرێمی کوردستان؟
مەسرور بارزانی: ئەم بڕیارە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەگەڕێتەوە لەبارەی جۆر و ژمارەی ھێزەکانی کە دەیەوێ لە ھەرێمی کوردستاندا بمێننەوە. پێشتر پلانی سەرەتایی ئەوە بوو کە ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە کۆتایی ٢٠٢٥ عێراق بەجێ بھێڵن، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان بمێننەوە تا کۆتایی ٢٠٢٦ و دواتر ھەرێمی کوردستان بەجێ بھڵێن. بەڵام ئەم گۆڕانکارییانەی لەم مانگانەی دواییدا بینیمان، بە بڕوای من وای کردووە کە ھەندێک گۆڕانکاری تەنانەت لە ھەڵوێستی بەغداشدا بێت، بۆیە پێموانییە کە ئەم پلانە ھێشتا گونجاو بێت وەک ئەوەی پێشتر ھەبوو. پێشکەوتنی تازە و ڕێککەوتنی نوێش دێنە ئاراوە، رەنگە شیکردنەوەی تازەی دۆخەکە ئەو ماوە زەمەنییە و ژمارەی ئەو ھێزانەیان دیاری دەکات کە لە ناوچەکە دەمێننەوە. بەڵام دیسان ئەم بڕیارە لە کۆتاییدا بڕیارێکە کە حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەیدات لەبارەی چارەنووسی ھێزەکانی.

العربیە: ئایا ھەماھەنگیتان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی ھەیە لەمبارەیەوە؟ بۆچوونی حکوومەتی فیدڕاڵی چییە لەبارەی ئەو ھێزانە و مانەوەیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر؟
مەسرور بارزانی: بە دڵنیاییەوە ئێمە لە پەیوەندیی بەردەوامداین لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵیداین و گوزارشتیشمان لە بۆچوونی خۆمان کردووە، ھەروەھا لە گفتوگۆ لەگەڵ ھێزەکانی ھاوپەیمانان بەشدارین لەو ڕووەوە کە ھەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی لە ھاوپەیمانی ھەیە. بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەی لە ھەموو شتێکی تر گرنگترە، ئەوەیە کە بڕیارێکی فیدڕاڵییە، ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان گوزارشتمان لە ویستی خۆمان بۆ میوانداریکردنی ھێزەکانی ھاوپەیمانان کە لە ناوچەکەدان، کردووە، ئەمەش وەک درککردنی ھەرێمی کوردستان بەو مەترسی و ئاڵنگاری و کێشە ئەمنییانەی کە ڕووبەڕووی ھەموومان دەبێتەوە. بەڵام وەک باسمان کرد، بەغدا لەسەر بنەمای ئەوەی کە زانیومانە، بە ھەڵوێستی خۆیدا دەچێتەوە لەبارەی ئەو ماوە زەمەنییەی کە پێویستە بۆ مانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە وڵاتەکە.

العربیە: ئەوە یەکەمجار نییە کە بگوترێت ھەرێمی کوردستان نەک ھەر بەھۆی ئەوەی پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ھەیە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ھەندێک بنکەی ئیسرائیلی لە ھەرێمی کوردستانن، دەکرێتە ئامانج. ئێوە بەردەوام ئەم بابەتە ڕەت دەکەنەوە کە بنکەی ئیسرائیلی لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت. بۆچی ھەمووجارێک ئەم بابەتە دەخرێتەوە ڕوو؟
مەسرور بارزانی: ئەم تۆمەتە ھیچ ڕاستییەکی تێدا نییە و ئەوانەی بانگەشەی بۆ دەکەن بە ھیچ شێوەیەک نەیانسەلماندووە. ئیسرائیلییەکان لە ھەرێمی کوردستاندا بوونیان نییە. بەداخەوە زۆربەی ئەو تۆمەتانە لە لایەن ئەوانەوە دەکرێت کە ھیچ پاساوێکیان بۆ ھێرشکردنە سەر ھەرێمی کوردستان نییە و ئەم جۆرە تۆمەتانەیان دروست کردووە، بۆ پاساوھێنانەوە بۆ ھەڵوێستی خراپیان یان ھێرشە بێپاساوەکانیان لە دژی ھەرێمی کوردستان. ھیوادارم ئەو پرسیارەیان لێ بکەیت، بۆچی بەم بابەتە بیانوو دێننەوە؟ دەتوانم دڵنیات بکەمەوە کە ئیسرائیلییەکان لە ھەرێمی کوردستاندا نین و ھیچ شوێنێکیشیان نییە.

العربیە: تواناکانی ھەرێمی کوردستان و سەرکەوتنەکەی چیە لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکەی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لایەک و ئێران لە لایەکی تر کە دراوسێیەکی بەھێزی ھەرێمی کوردستانە، چۆن سەرکەوتن لەم ھاوکێشەیە و سەپاندنی ھاوسەنگی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئێران؟

مەسرور بارزانی: ئێمە حوکم بە چارەنووسی خۆمان دەکەین و ئێمەین بڕیارەکانمان دەدەین، وەکیلی ھیچ لایەنێک نین، پەیوەندیی باشمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ھەیە، ئەو پەیوەندییانەش شانازییان پێوە دەکەین. ھەروەک سنوورێکی زۆر درێژمان لەگەڵ ئێران ھەیە و پەیوەندیمان زۆر باشە لەگەڵ ئێران. ھەندێک کات تێپەڕین کە ئەو پەیوەندییانە بەرزو نزمیان بە خۆیانەوە بینی، بەداخەوە ئەوان بە ھۆی ھەڵە تێگەیشتن، ھەنگاویان بەرەو گرتنەبەری ڕێگەیەکی دیاریکراو نا، ھەروەک بینیمان ئەوەی لە رابردوو ڕووی دا، بەڵام ئەم قۆناغەمان تێپەڕاند. ئێمە باوەڕمان بەوە ھەیە کە نیەتی باش گەرەنتییە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر. پەیوەندیمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان یان ئێران، لەسەر حیسابی قوربانیدان بە پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتەکەی تر نییە. ئێمە ڕێز لە ھەردوو وڵات دەگرین و پەیوەندییەکانمان لەسەر ڕێزگرتنی ئاڵوگۆڕە و ئەوان ڕێزمان لێ دەگرن و ئێمە ڕێزیان لێ دەگرین.

العربیە: پێتوایە کە ترامپ شتێک بخاتە سەر ئەم پەیوەندییە ئابوورییانە؟
مەسروور بارزانی: ناتوانم لە جێگەی سەرۆک دۆناڵد ترامپ قسە بکەم. بەڵام دەتوانم بڵێم کە ھەرێمی کوردستان توانای زۆر باشی ھەیە، ھەر تەنیا لە کەرتی نەوت و غاز نا، بەڵکوو توانای زۆری ھەیە.

العربیە: ئایا دەکرێ دروستکردنی حکوومەتی تازە لە ھەرێمی کوردستان ھەندێک بارودۆخ باشتر بکات؟ ئێمە دەزانین پاش دوایین ھەڵبژاردن، پارتی ٣٩ کورسی و یەکێتی ٢٣ کورسی ھێنا، ھەندێک ناکۆکی ھەبوون لەبارەی پۆستە وەزارییەکان، ئایا پێکھێنانی حکوومەت لە ناوخۆ پەک دەخرێت؟
مەسرور بارزانی: ھیوا دەخوازم کە لەم نزیکانە ڕێککەوتن لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی تازە بکرێت، چونکە پێموایە کە ئەمە لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستاندایە. داواشمان لە ھەموو براوەکانی ھەلبژاردن کردووە کە بەشداریی لە دانوستانەکاندا بکەن، بەڵام بابەتەکە دەوەستێتە سەر سرووشتی دانوستانەکان و کێ لە کۆتاییدا دەبێتە شەریک لە حکوومەت. با بابەتێک ڕوون بکەمەوە، گوتتان پارتی ٣٩ کورسی ھێناوە، ئەمە ڕاستە، بەھۆی ئەو گۆڕانکارییەی لە یاسای ھەڵبژاردن کرا، چونکە ھەرێمی کوردستان پێشتر ھەمووی وەک یەک بازنەی ھەڵبژاردن دانرابوو، بەڵام لەم ھەڵبژاردنەدا ھەرێمی کوردستان دابەش کرا و ھەر پارێزگایەک بوو بە بازنەیەکی ھەڵبژاردن، ئەمەش گۆڕانکاریی لە کورسییەکانی پەرلەماندا کرد. ئەگەر سەیری دەنگدانی گەل بکەیت، دەبینیت کە پارتی دیموکراتی کوردستان ٤٦٪ی دەنگەکانی ھێناوە، بەڵام تەنیا ٣٩ کورسی ھێناوە، چونکە دابەشکردنی پۆستەکان بەسەر بازنە و پارێزگاکان، ئامانج لێی کەمکردنەوەی ئەو کورسییانە بوو کە لەسەر بنەمای دەنگدانی گەل بەدەست دێ. پێموانییە کە ئەم ڕێوشوێنە لە ڕووی دیموکراسییەوە باشترین بێت، بەڵام ئەم بڕیارە لیژنەی باڵای ھەڵبژاردن دەریکرد، لەگەڵ ئەوەشدا ھەڵبژاردنەکەی ھەرێمی کوردستان زۆر سەرکەوتوو بوو، بە چاوپۆشیکردن لە ئەنجامەکان، پێموایە کە گەلی کوردستان تێیدا سەرکەوتوو بوو، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ژمارەی کورسییەکان و ئەو حزبەی بردییەوە، بەڵام لە کۆتاییدا ئێمە ھەموومان پێویستیمان بەو حکوومەتەیە.

العربیە: قسەمان لەسەر پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دراوسێکانی دەکرد. پێش ماوەیەک قسە لەسەر ناوبژیوانییەک ھەبوو، چاوپێکەوتنێکم لەگەڵ بەڕێز مەزڵووم عەبدی ھەبوو، پێی گوتم کە چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆک بارزانی ھەبووە و داوای لێکردووە کە ناوبژیوانی لەگەڵ تورکیا بکات بۆ ھێورکردنەوە، ئەم دۆسیەیە بە کوێ گەیشت؟
مەسرور بارزانی: ھەست بە دڵەڕاوکێ دەکەین لەوەی کە لە سووریا ڕوودەدات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئێمە دراوسێیەکی راستەوخۆیانین، کاریگەر دەبین بەو ڕووداوانەی کە لەوێ ڕوودەدەن، ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی کورد لە سووریا دەژین. لە ھەمان کاتدا پەیوەندیی باشمان لەگەڵ عەرەبەکانی ئەودیو سنوور ھەیە. بۆیە ئەوەی لەوێ ڕوودەدات، دەمانخاتە دڵەڕاوکێوە، ئەوەی ھەوڵی بۆ دەدەین کە دڵەڕاوکێ کەم بکەینەوە و رۆڵێک بگێڕێن ئەگەر توانیمان و قەبووڵ بکرێت لەپێناو کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ لە نێوان تورکیا و ئەو کوردانەی لە باکووری رۆژھەڵاتی سووریادان. بۆیە سەردانی تورکیام کردووە و لەگەڵ سەرۆک ئەردۆگان و سەرکردەکانی تورکیا کۆبووینەوە، گفتوگۆی راشکاوانەمان کردووە، لە بەرامبەردا ئەوان تێگەیشتنیان بۆ دۆخەکە ھەیە، ھەموومان رێککەوتین کە دەبێت ماوەیەکی زەمەنی ببەخشرێت تاوەکو ئاشتی بەرقەرار بێت و دەزانین چی لەوێ ڕوودەدات. ئێمە بە دڵنیاییەوە لە ترسانی تورکیا تێدەگەین بە ھۆی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سووریا، ئەو دۆخەی کە دڵەڕاوکێیەکی زۆری لە ناوچەکەی ئێمەش دروست کردووە. لەبەر ئەوە پێمانوایە کە باشترین ڕێگە بۆ ئایندە ئەوەیە کە دڵەڕاوکێ نەھێڵدرێت، ئەمەش بە ھاندانی کوردانی سووریا بەوەی کە لە پەکەکە دوور بکەونەوە و ڕێز لە دۆخی تازە بگرن و بەھۆی پەکەکەوە ھەموو کوردانی سووریا نەخەنە مەترسییەوە. ئەوە ڕوونە کە بەڕێز مەزڵووم عەبدی بانگھێشتی ھەولێر کرا و دیدارێکی زۆر باشی لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی ھەبوو کە ھانی ئەو و ھەموو ھێزە کوردییەکانی دا تاوەکو کار لەسەر یەکڕیزیی کورد بکەن تاوەکو دەنگێکی بەھێزتر و ھەژموونێکی زۆرتریان ھەبێت بۆ گەیشت بە چارەسەرێکی ئاشتییانەی بەردەوام. ھەروەک ھانمان دان بۆ دانانی میکانیزمێک کە ھاوکارییان بکات بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق.
لە ڕاستیدا پێش چەند ھەفتەیەک لە داڤۆس بووم، لەوێ لەگەڵ ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبوومەوە.

العربیە: ئێوە لە ژوورێکی داخراو کۆبوونەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا باسی چیتان کرد و بۆچی زۆر لەبارەی ئەم چاوپێکەوتنەتانەوە بڵاو نەکرایەوە؟
مەسرور بارزانی: پێموانییە کە ھیچ نھێنییەکی تێدا بووبێت. ئێمە قسەمان لەبارەی بارودۆخەکان کرد و رێککەوتین لەسەر زەروورەتی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە. بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بەوەوە ھەیە کە کوردانی سووریا دەیانەوێ، ئەمە بابەتێکە بۆ ئەوان جێھێڵدراوە و ئێمە ناچاریان ناکەین یان فەرمانیان پێ ناکەین لەوەی کە دەبێت چی بکەن. ئەم بابەتە بۆ کوردەکان بەجێ دەھێڵین کە بڕیار بدەن لەبارەی ئەو چارەسەرەی بۆ ئەوان و دیمەشق باشترینە. بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێ، ئەوەیە کە ببینین سووریا وڵاتێکی سەقامگیری دیموکراسی بێت و لەو ڕووەوەی کە ڕێز لە ھەموو کۆمەڵگەکان بە جیاوازیی تایفەکانەوە بگیرێت تێیدا، وەک کورد و عەلەوییەکان و درووز و ئەوانی دیکە. بۆیە سەقامگیریی لە سووریا بۆ ئێمە گرنگە و ھەر شتێکیش کە بە ئێمە بکرێت بۆ ئەوەی سەقامگیری لە سووریا بێتە کایەوە، ئێمە ئامادەین بۆ ئەنجامدانی و ئەوەش بووە کە ئێمە قسەمان لەبارەیەوە کردووە.

العربیە: بەڵام ئەوەی زانراوە کە دۆخەکە زۆر جێی دڵەڕاوکێیە بەپێی ھەندێک زانیاریی دزەکردوو لە نێوان حکوومەتی دیمەشق و قەسەدە، ئایا ھەرێمی کوردستان توانای ھەیە کە بۆچوونەکان لە یەک نزیک بکاتەوە؟

مەسرور بارزانی: ھێزەکانی سووریای دیموکرات تاکە نوێنەری کورد نین، بەڵکوو نوێنەرایەتیی بەشێک لە کوردەکان دەکەن، بەڵام حزبی سیاسیی دیکەش لە سووریا ھەن کە نوێنەرایەتیی کورد یان زۆرینەی کورد دەکەن، ئێمە ھەوڵ دەدەین ئەوان کۆبکەینەوە بۆ ئەوەی ناکۆکییەکان وەلاوە بنێن لەژێر ڕۆشنایی دۆخی تازە لە سووریا تاوەکوو بتوانن سوودی لێ وەربگرن و کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بکەن کە ئاشتی و سەقامگیری بۆ ھەموو کوردان بھێنێت. ئەم بابەتە پەیوەندیدار نییە تەنیا بە ھەسەدە. نازانم چی رووی دا لە نێوان ھەسەدە و دیمەشق، بۆیە من ناتوانم قسە لەسەر ئەمە بکەم. بەڵام پێمانوایە کە لەسەر دیمەشقە کە لەگەڵ ھەموو کوردەکان گفتوگۆ بکات، نەک تەنیا ھەسەدە، ھیوادارم کە ھێزەکانی سووریای دیموکراتیش ئامادە بن بۆ کارکردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی کورد، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییەکی گەورەتر و تێڕوانینێکی گشتگیری کوردیان لە سووریا ھەبێت.

العربیە: پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو چۆنە؟ زانیومانە کە پەیوەندیی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و سعودیە بەتایبەت زۆر باشە، چین دیارترین بوارەکانی ھاریکاری و وەبەرھێنان لە نێوان ھەردوولا؟
مەسرور بارزانی: پەیوەندیی باشمان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ھاریکاریی کەنداو ھەیە، لەنێویشیاندا شانشینی عەرەبیی سعوودی، بە دڵنیاییەوە ئێمە کار بۆ باشترکردنی پەیوەندیمان بۆ ئاستی باشتر دەکەین. لەبەر ئەوە دەمانەوێ کە کۆمپانیای زیاتر لە وڵاتانی کەنداو و کۆمپانیاکانی سعوودیە بێن بۆ کوردستان بۆ وەبەرھێنان و وەستان لەسەر ئەو ھەلانەی ھەن. ئەو ھەلانەی کە لە کوردستاندا ھەن رەنگە سوود بە ھەردوو لا بگەیەنن، چ بۆ لایەنی خانەخوێ و چ بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی. ھەروەک دەشزانین کە کوردستان گونجاوە لە رووی رۆشنبیری و جوگرافیا و دیمەنی سروشتی، ئەمەش رووگەیەکی زۆر باشە بۆ ئەوەی خەڵک لەپێناو سەردانی کوردستان بێن. بۆیە ئێمە بەختەوەرین بەو پەیوەندییەی کە کۆمان دەکاتەوە و خواستیشمان ھەیە بۆ فراوانکردنی ئەو پەیوەندییانە و کارکردن لەسەر زیاتر پێشخستنی.

العربیە: وەک ئەوەی کە ھەرێمی کوردستانی عێراق ھاوشێوەیی ھەیە لەگەڵ روانگەی ٢٠٣٠، وەک دەزانیت کە روانگەی ٢٠٣٠ کار لەسەر ئەوە دەکات کە ھەر تەنیا پشت بە نەوت و کەرەستە خاوەکانی تر نەبەستێ، بەڵکوو بواری دیکە بکاتەوە وەک وەبەرھێنان و گەشتوگوزار، ئێوەش بە ھەمان ئەو ئاراستەیەدا دەڕۆن لەپێناو تێپەڕاندنی کێشە ناوخۆییەکان و ھەندێک ئاستەنگ لەگەڵ حکوومەتی بەغدا، ئایا بواری ھاریکاری ھەیە لە نێوان ھەردوولا؟
مەسرور بارزانی: بە دڵنیاییەوە زۆر شت ھەن کە دەتوانین پێکەوە بیکەین، ھەلی زۆر ھەن کە دەکرێ لە ناوچەکانی دیکەدا نەبن. بۆ نموونە ئەگەر ئێمە قسە لەسەر کانزا و گەشتوگوزار و کەشوھەوا دەکەین، بە دڵنیاییەوە کوردستان کەشوھەوایەکی جیاوازی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی کەنداو ھەیە، چونکە ژینگەیەکی تەواو جیاوازمان ھەیە. زۆر بوارھەن کە دەکرێ لە نێوانماندا ڕووبدات، بۆ نموونە کۆبوونەوە لە نێوان کۆمپانیاکان، چونکە حکوومەت و لایەنە یاسادانەرەکان کاریان کردووە بۆ ئاسانکردنی وابەستەییەکان و پەیوەندییەکان لە نێوان کۆمپانیا بازرگانییەکان و ژوورەکانی بازرگانی، لەو رووەی کە بتواندرێت کۆببنەوە و بە ڕێگەی تایبەتیی خۆیان بگەنە رێگەیەک بۆ پێشخستنی کارە بازرگانییەکان لە نێوان خۆیاندا. پێموایە کە دەرفەتی زۆر ھەیە لە نێوان ھەموو لایەنەکان.

العربیە: ئەم پرسیارە زۆر لە کوردان خۆیان لێی لادەدەن، ئایا تا ئێستا خەونی دەوڵەتی کوردی ھەیە؟
مەسرور بارزانی: پێموایە کە بابەتەکە دەوەستێتە سەر ئەو ڕێگەیەی کە مامەڵەی لەگەڵ کوردەکان پێ دەکرێت. ئەگەر سەیری یەکێتیی ئەورووپا بکەین کە ساڵانێکی زۆر و بگرە چەندان دەیە شەڕ کرا لەپێناو دروستکردنی دەوڵەتە تایبەکانی خۆیان، کەچی ئێستا یەکێتیی ئەورووپایان ھەیە. ئەوان ئەم قۆناغەیان تێپەڕاند و دەیانەوێ لێک بدرێن و یەکێتییەکیان ھەبێت وەک یەک قەوارە. بابەتەکە دەوەستێتە سەر ئەو وڵاتانەی کە کوردەکان تێیدا دەژین و چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن. بەداخەوە مێژوومان پڕە لە زوڵم و نایەکسانی، ئەگەر بابەتەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا کاردانەوەی کوردەکان ھاوشێوە دەبێت، بەڵام ئەگەر نزیکبوونەوەی تازە خرایە ڕوو کە لەسەر قەبووڵکردن و رێزگرتن و یەکسانی و دادپەروەری بونیاد نرابێت، دەکرێ گەلان پێش بکەون و بەیەکەوە بەرەو ئایندەیەکی سەقامگیر و ئاشتییانە بڕۆن. پێموایە کە بابەتەکە دەوەستێتە سەر ئەو ڕێگەیەی کە پێی مامەڵەمان لەگەڵدا دەکرێت.

العربیە: پەیامتان بۆ ئەحمەد شەرع؟
مەسرور بارزانی: دەبێ سەرۆکی ھەموو سوورییەکان بێت، لەسەریەتی کە ڕێز لە ھەموو پێکھاتەکانی گەلی سووریا بگرێت لەپێناو بەردەوامی و سەرکەوتن.

العربیە: پەیامتان بۆ محەممەد شیاع سوودانی؟
مەسرور بارزانی: ئەویش؟ لەسەریەتی کە سەرۆکوەزیرانی ھەموو عێراق بێت نەک پێکھاتەیەک، ھەروەھا بەردەوام بێت لە پەیوەندیی باش لەگەڵ کوردەکان و سوننە و شیعەکانیش لە وڵاتەکەدا.

العربیە: پەیامتان بۆ مەزڵووم عەبدی؟
مەسرور بارزانی: لەسەریەتی کە کار بۆ یەکخستنی کوردەکان بکات لەپێناو گەرەنتیکردنی مافەکانی کورد و ئاییندەی سووریا بکات.

العربیە: ئۆجەلان؟
مەسرور بارزانی: ئەو لە زیندانە، وەک مرۆڤێک، ھیوا دەخوازم رۆژێک لە رۆژان ئازاد بکرێت، بە گشتی بگەینە چارەسەرێک بۆ دۆزی کورد لەنێو تورکیا.

العربیە: دەمەوێ زۆر سوپاست بکەم بۆ کاتەکەت و دڵفراوانیت و ھەموو ئەو زانیارییانەی کە پێشکەشتان کرد.

دەکرێ قسەی کۆتاییتان بکەن؟

مەسرور بارزانی: زۆر سوپاست دەکەم، ڕێز لەم گفتوگۆ ڕاشکاوانەیە دەگرم.