پارێزگاری هەولێر: 59 پاڵاوتگە لە هەولێر داخراون و پرۆسەکەش بەردەوامە

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەسەر دواڕێوشوێنەکانی پاراستنی ژینگەی هەولێر و دۆخی پەناگەی سەگی بێلانە قسەی کرد.

ناوبراو ڕایگەیاند، پلانمان هەیە پاڵاوتگەکانی نزیک شار بگوازینەوە و لە دوورەوەی شار شوێنیان بۆ تەرخان بکەین.
باسی لەوەش کرد، لە ڕابردوودا 138 پاڵاوتگە هەبوونە و لە ماوەی پێشوودا 59 پاڵاوگە داخراون و 28 خاوەنپاڵاوتگە دەستگیر کراون. ئەوانەشی بەردەوامن، مەرجی ژینگەییان بەدی هێناوە و بەڵێننامەیان پڕ کردووەتەوە.

لەبارەی مۆلیدەکانەوە گوتی: 145 خاوەن ئاگادار کراونەوە و گرفتەکانیان چارەسەر کردووە، لەگەڵیشیدا 9 خاوەنمۆلیدە سزا دراون. 7 خاوەنی دیکەش ڕێکاری یاساییان بەرانبەر گیراوەتە بەر. هاوکات 5 تایەسووتێن دەستگیر کراون.

گوتیشی: 140 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری ژینگەپیسکەر دەستیان بەسەردا گیراوە، 151 پیکاب و 50 ئۆتۆمبێلی تایبەتیش دەستیان بەسەردا گیراوە.

لەبارەی فراوانکردنی سەوزاییشەوە ڕایگەیاند: لە ساڵی 2024 سەد و 31 هەزار و 270 درەخت چێندراون، زیاتر لە 65 هەزار گوڵی جۆراوجۆر چێندراون. هاوکات 6 پرۆژەی پارک بە ڕووبەری 200 دۆنم زەوی لە جێبەجێکردندان.

لەبارەی پاراستنی سەگ لە پارێزگاکەدا و گواستنەوەیان تاکوو خەڵک پارێزراو بن، گوتی: 14 هەزار و 334 سەگ بۆ شەڵتەری سەگ گواستراونەتەوە و لەوێ بەخێو دەکرێن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری