نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ڕاوێژکاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ييى بەریتانیا جه‌خت له‌ هاريكاريى هاوبه‌ش ده‌كه‌نه‌وه‌

لە درێژه‌ى كارنامه‌ى دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانیدا له‌ میونشن، پاشنيوه‌ڕۆى ئەمڕۆ شەممە 2025/2/15 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز جۆناسان پاوڵ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ييى به‌ريتانيا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتە ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە و بەهێزکردنی هاوکاریی ئەمنیى عێراق و هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ به‌ريتانيا تاوتوێ کران، هەروەها تيشك خرایە سه‌ر هەماهەنگی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعشدا.

نێچیرڤان بارزانی بەردەوامیی پشتگیریی بەریتانیاى لە بواری ئاسایش و بەرگریدا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ پێويست و گرنگ زانى، بەتایبەتی لە ڕاهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە و بەهێزکردنی تواناکانیان، هه‌روه‌ها پابەندیی هەرێمی کوردستانی بۆ کاری هاوبەش بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، دووپات کردەوە.

لاى خۆیەوە، بەڕێز جۆناسان پاوڵ ستایشی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریدا کرد و پابەندیی به‌ريتانياى بۆ بەردەوامیی پشتگیریی له‌ عێراق و هەرێمى كوردستان و بەهێزکردنی هاوکاریی ئەمنيی نێوانيان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منييه‌كان، دووپات كرده‌وه‌.

دۆخی سووریا و گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.