شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی گەیشتە هەرێمی کوردستان

شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ دەبێتەوە.

هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 15-02-2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بۆ ئیمرالی، گەیشتە هەرێمی کوردستان.

وا بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، 16-02-2025، شاندەکەی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان کۆ ببێتەوە.

شاندەکەی دەم پارتی کە لە  پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر پێک دێت؛ تاوەکوو ئێستە دوو جار لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان؛ لە دوورگەی ئیمرالی، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆ بوونەوەتەوە.

“بۆچوونی سەرۆک بارزانی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی زۆر گرنگە”

دوێنێ هەینی، 14-02-2025، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، لەبارەی سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند : “لە کۆبوونەوەکاندا زانیاری لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی تاوتوێ دەکەین، لە دوای ئەوەی دوو جار لەگەڵ ئۆجەلان گفتوگۆمان کردووە و پێی ڕاگەیاندووین، کە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و وەرگرتنی بۆچوونەکانیان لەبارەی پرۆسەکە زۆر گرنگە.”

ئەو ئەندامەی شاندی دەم پارتی بۆ زیندانی ئیمراڵی، باسی لەوەش کرد “لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی بۆچوون و بیرکردنەوە و پێشنازە گشتگیرەکانی لەبارەی پرۆسەکە بەهەند وەردەگرین و دواتر بە ئۆجەلانی ڕادەگەیەنین.”

پاش دوو جار کۆبوونەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ئۆجەلان، پەروین بوڵدان، لەبارەی سازدانی کۆبوونەوەی سێیەم بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد “تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ سەردانی زیندانی ئیمراڵی دانەنراوە و چاوەڕێ دەکرێت بانگەوازێک لەلایەن ئۆجەلانەوە هەبێت، بەڵام هیچ وادەیەک بۆ ئەم بانگەوازەش دیاری نەکراوە.”

“پەیامە مێژووییەکەی ئۆجەلان”

ڕۆژی چوارشەممە، 12-02-2025، تولای هاتیمۆگولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند “لەم مانگەدا ئۆجەلان “پەیامە مێژووییەکە”ی لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاو دەکاتەوە.” باسی لەوەش کرد “ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا جەخت لە چارەکردنی پرسی کورد لە ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگ دەکاتەوە، چونکە چەندان ساڵە شەڕ و ململانێکان پرسەکەیان چارە نەکردووە.”

هەروەها پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، دوای 26 ساڵ لە دەستگیرکردنی، ئەگەر هیچ کۆسپێک نەخرێتە بەردەمی، قۆناغێکی نوێ لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە دەست پێ دەکات کە تورکیا، تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهانیش دەگۆڕێت.

پەکەکە ڕاشیگەیاندووە “ئۆجەلان و کورد، تورکیا دابەش ناکەن، بەڵکو کار بۆ دیموکراسیبوونی دەکەن.”