سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە دیمانەیەکی تایبەتی کەناڵی عەرەبییە کە ئەمشەو کاتژمێر 7 بە کاتی هەولێر پێشکەش دەکرێت دووپاتی کردەوە، هەموو ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵ هەرێمی کوردستان بە بوونی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان دورن لە ڕاستی و بیانوو دروستکردنە بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر هەرێمی کوردستان.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی ئەو تۆمەتانەوە بە کەناڵی عەرەبییەی راگەیاندووە: ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەکی ڕاستییان تێدا نییە و دەتوانین زۆر بەڕوونی بڵێین: ئەوە ڕاست نییە و ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان نییە.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت: جێی داخە زۆرینەی ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵ هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەو کەسانەوەیە کە هیچ بیانوێکیان نییە بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، ئەو تۆمەتانە لەبەر ئەوە دروستدەکەن بۆ ئەوەی بیانوو بۆ کارە خراپەکانیان و هێرشە بێ بنەماکانیان دژی هەرێمی کوردستان بێننەوە.
سەرۆک وەزیران گوتی: دووپاتی ئەوە دەکەمەوە، ئیسرائیلییەکان لە هەرێمی کوردستان نین ، هەروەها هیچ شوێنێکیان لە هەرێمی کوردستان نییە.
لەبارەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیش، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی گوتی: هێزەکانی سووریای دیموکرات نوێنەرایەتی هەموو کورد ناکات، بەڵکو نوێنەرایەتی بەشێک لە کورد دەکات، دەشڵێت: نازانم چی لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دیمەشق ڕوودەدات، بۆیە هیچ لێدوانێکم لەو بارەیەوە نییە، بەڵام پێم وایە لەسەر دیمەشق پێویستە لەگەڵ تەواوی پارتە کوردییەکان بکەوێتە گفتوگۆ، نەوەک تەنیا هێزەکانی سووریای دیموکرات.
بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، پرسیارێکی دیکەبوو لە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کرا ، سەرۆک وەزیران گوتی:گوزارشتمان لە خواستی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ پێشوازیی لە هێزەکانی هاوپەیمانان کە لە ناوچەکەدا هەن، بە هەستکردن بەو مەترسی و ئالەنگارییە ئەمنیانەی ڕووبەڕووی هەمووان دەبێتەوە.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی گوتی: بەپێی زانیارییەکان عێراق سەبارەت بەو ماوە زەمەنییەی دیاریکردووە بۆ مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراقدا دەیەوێت بە هەڵوێستەکانی خۆیدا بچێتەوە.