پێنجشەممە 13ـی شوباتی ٢٠٢٥ بە نوێنەرایەتی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن هەڤاڵان محەممەد خدر، کاروان عەبدوڵڵا و شڤان حەمدی، بەشداربوون لە ڕێورەسمی بەخاکسپاردنی نووسەر و وەرگێڕ و چیرۆکنووس (حەسەن جاف).
بەئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەر و ڕۆشنبیر و نوێنەرانی حزبی و ئیداری و نوێنەرانی یەکێتیی نووسەران و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، تەرمی کۆچکردوو (حەسەن جاف) لە گۆڕستانی شێخ محێدین لە شاری کەرکووک بەخاکسپێردرا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، گوتاری بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لەلایەن محەممەد خدر خوێندرایەوە. پاشان گوتاری یەکێتی نووسەران لقی هەولێر و کەرکووک و گوتاری بنەماڵەش لە مەراسیمەکەدا خوێندرایەوە. دواتر تاجەگوڵینەی لقی 3 و دەزگەی موکریانی، لەسەر گڵکۆی کۆچکردوو دانرا.
(حەسەن جاف) یەکێک بوو لە نووسەر و وەرگێڕە دیارەکانی کوردستان کە لە ڕێککەوتی ٢٠٢٥/٢/١٠ لە شاری هەولێر بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایکرد.