لە دهۆک ڕێز لە شاعیر و نووسەر و لێکۆڵەری بەنێوبانگ (د.عەبدولڕەحمان مزووری) نرا

 

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 13ـی 2ـی 2025 لە هۆڵی یەکێتیی نووسەرانی کورد-لقی دهۆک بە ئامادەبوونی سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک و د.سالار عوسمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، سەباح بەیتوڵڵا یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک و، ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیر و نووسەر و میدیاکاران و بەرپرسانی حزبی و حکوومی لە شاری دهۆک، ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی خانی ڕێوڕەسمێکی شایستەی بۆ ڕێزگرتن لە شاعیر و لێکۆڵەر
د. عەبدولرحمان مزووری ڕێکخست.

دەستپێکی ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب و ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیاد) دەستی پێ کرد.

لەسەرەتادا، ئیحسان ئامێدی بەرپرسی ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی خانی گوتاری بەخێرهاتنی پێشکەشکرد و گرنگی ڕێکخستنی ڕێوڕەسمەکەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.

د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی:
ئەمڕۆ ئێمە لەگەڵ ئێوە دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ نیو سەدە خەباتی قەڵەم و خەمی کوردایەتی و نووسین و پەیڤی ڕەسەن و هۆزانی شۆڕشگێڕی و جوانی مامۆستا عەبدولڕەحمان مزووری، کە هەموومان ئاشناین بە دەقەکانی، بە هەناسە شیعرییەکانی، بە لێکۆڵینەوەکانی، بە هەموو ئەو بەرهەمانەی کە پێشکەشی کردوون.

دواتریش فیلیمێکی دۆکیۆمێنتاری لەبارەی ژیاننامە و بەرهەمەکانی د.عەبدولڕەحمان مزووری لەلایەن تەلەفزیۆنی دهۆک ئامادەکرابوو و پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکە پانێڵێک لەبارەی بایەخی بەرهەمەکانی
د. عەبدولڕەحمان مزووری بەڕێووەچوو، پانێڵەکە لەلایەن موسەدەق تۆڤی بەڕێوەبرا، هەریەکە لە پ.د محەممەد ساڵح تەیب زێباری، د.عارف حیتۆ، موئەیەد تەیب، دیدگای خۆیان لەبارەی گرنگی کتێب و بەرهەمەکانی نووسەر و شاعیری ناوبراو خستەڕوو.

بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و مێژووە پڕ بەهاکەی خەڵاتی زێڕین و خەڵاتی کریستاڵی و گوڵی ڕێز و وەفا پێشکەش بە
د. عەبدولڕەحمان مزووری کرا.

پێش کۆتایی ڕێوڕەسم، د. عەبدولڕەحمان مزووری گوتارێکی پێشکەشکرد و سوپاس و پێزانینی ئاراستەی بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی خانی و سەرجەم ئەو کەس و لایەنە پەیوەندیدارانە کرد کە لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی هاوکاری بوون.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا سێ کۆبەرهەمی نووسەر پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

دكتۆر عەبدولڕەحمان مزووری لەساڵی (١٩٦٧)ەوە خزمەت بەدنیای هۆزان و ئەدەبیاتی كوردی و بوارە زانستییەکان دەكات و كۆمەڵێك توێژینەوەی پێشكەش بە کتێبخانەی كوردی كردووە لە بوارەکانی جیۆپۆلۆتیك و
نەورۆز و مێژوو و ئەدەبیات و پرسی دیکەی پەیوەست بە کوردستان.