وادەی دابەشکردنی پاداشتی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕاگەیەنرا

بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، 15 هەزار کارمەندمان لەسەر سندووقەکانی دەنگدان هەبووە و دەتوان لە ڕۆژی یەکشەممەوە سەردانی بانکەکان بکەن بۆ وەرگرتنی پاداشتەکانیان.  

مەریوان محەممەد، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “ئەو بڕە پارەیەی بۆ پاداشتی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان داندراوە، بەگوێرەی جۆری وەزیفەکە دەبێت.” گوتیشی: بەڕێوەبەری بنکەی دەنگدان 350 هەزار دینار وەردەگرێت، بەڕێوەبەری وێستگە و کارمەندانی دیکە 250 هەزار دینار وەردەگرن، ئەگەر دەرچووی کۆلێژ یان پەیمانگە یان ئامادەیی بن.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەوەی فەرمانبەری حکوومەت بێت 150 هەزار و سوپاس پێزانینێکی ئەنجوومەنی وەزیران وەردەگرێت، هەورەها بەشێکیشمان هەیە یەدەگن، ئەوانیش ئەگەر دەرچووی ئامادەیی یان پەیمانگە یان زانکۆ بن، 100 هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام ئەگەر فەرمانبەری حکوومەت بن 50 هەزار و سوپاس پیزانینێک وەردەگرێت.

گوتیشی: لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە 9-12-2024، دەستمان کردووە بە تۆمارکردنی ئەوکەسانەی بایۆمەترییان نییە، هەروەها ئەوانەی کێشەی پەنجەمۆریان هەیە، ئەوانیش تۆمار دەکرێن.

مەریوان محەممەد، داوا لەهاووڵاتیان دەکات ئەوانەی تا ئێستا خۆیان تۆمار نەکردووە، سەردانی بنکەکانی تۆمارکردن بکەن لە هەولێر، کە 53 بنکەی تۆمارکردنمان هەیە، ئەوانەشی خۆیان تۆمار کردووە و کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە، دەتوانن سەردانی بنکەکان بکەن کارتەکانیان وەربگرنەوە.

باسی لەوەش کرد، ئەوانەی کارتەکانیان لێ وەرگیراوەتەوە و پسولەیان دراوەتێ، دەتوانن لە ڕۆژی یەکشەممەوە سەردانی بنکەکان بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە.

مەریوان محەممەد، لە وەڵامی پرسیارێکی ڕێناس عەلی، پەیامنێری کوردستان24دا گوتی: ئێمە 15 هەزار کارمەندمان لەسەر سندووقەکانی دەنگدان هەبووە و دەتوانن لە ڕۆژی یەکشەممەوە سەردانی بانکەکان بکەن بۆ وەرگرتنی پاداشتەکانیان.

ناوی ئەو بانکانەنی کە پاداشتی کارمەندانی سەر سندووقەکانی دەنگدان دابەش دەکات