ئەمساڵ ئاهەنگى نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی لە باڵەخانەی سەرەکی شارەوانی گەورەی پاریس سازدەکرێت

 

ئەمرۆ چوارشەممە 2025.2.12، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، پێشوازی لە عەلى دۆڵەمەرى، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە فەرەنسا کرد.

لە دیدارەکەدا، گفتووگۆ لە بارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و پاریس کرا لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەشتنی دەستەخوشکی نێوان هەردوو شارەکە و تیشک خرایە سەر ئەو پێشکەوتن و پەرەسەندنانەی لە هەولێرى پایتەخت هاتۆتە ئاراوە، پاشان جەخت لە پەرەپێدان و بەرەوپێشبردن و بەھێزکردنی زیاترى پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى فەڕەنسا کریەوە.

لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، ئاماژە بە ڕێکخستن و سازدانى ئاهەنگى نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی درا کە بڕیارە بۆ ئەمساڵ بە ئامانجى قوڵکردنەوەی پەیوەندی دۆستایەتی نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى فەرەنسی و بەدەستهێنانی پشتیوانی زیاتری ‌‌حکومەت و گەلی فەرەنسا لە کوردستان، ئەم ئاهەنگە بە بەشدارى خاتوو ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانی پاریس و شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەپرسانى دیکەى شارەکە لە باڵەخانەی سەرەکی شارەوانی گەورەی پاریس سازبکرێت، کە بە دەستپێشخەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا و بە هاوبەشی لەگەل سەرۆکایەتى شارەوانى پاریس ئامادەکارى بۆکراوە.