چوارشەممە، 12-02-2025، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سەردانی کۆنگرێسی ئەمەریکای کرد و لەگەڵ کۆنگرێسمان ئابی همادە، کۆ بووەوە.
هەورامی، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە، لە دیدارەکەیاندا، دوایین گۆڕانەکانی ناو هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکان لەگەل بەغدا و دۆخی ناوچەکە تاوتوێ کردووە و بەرچاوڕوونی پێویستیان لەو بارەوە خستووەتە ڕوو.
بە گوێرەی پۆستەکە، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوای لەو کۆنگرێسمانە کردووە “وەک کۆنگرێسی ئەمەریکا هاوکار بن لە بە دواداچوونی کارەکانی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بۆ پشتیوانی و پشتگیریی زیاتری هێزی پێشمەرگە و وەبەرهێنانی زیاتری کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان لە هەرێمی کوردستان.”
بەشێکی دیدارەکە تایبەت بوو لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا. ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: لە کۆبوونەوەکەدا، بایەخ و گرنگیی قووڵترکردنەوەی ئەو پەیوەندییانەمان بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و بەرژەوەندیی هاوبەش لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەرچاوەکان و هۆیەکانی ناسەقامگیری، خستە ڕوو.