یاداشتێکی لێکگەیشتن، بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە بواری پێشخستن و نوێکردنەوەی حکوومەتداری، لەنێوان سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات ئیمزا کرا.
چوارشەممە 12ـی شوباتی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوبەی، لەگەڵ محەممەد قەرقاوی، وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات، یاداشتێکی لێکگەیشتنیان بۆ ئاڵوگۆڕی شارەزایی لە بواری پێشخستن و نوێکردنەوەی حکوومەتداری ئیمزا کرد.
یاداشتنامەکە، هاوکاریی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئیمارات زیاتر دەکات، بە پێی ئەم یاداشتنامەیە، ئیمارات هاوکاریی پێشکەش بە هەرێمی کوردستان دەکات لە پەرەپێدانی کاروباری حکوومەتی و سەرچاوە مرۆییەکان، هەروەها ئەزموونی خۆیان سەبارەت بە پرۆگرامی دیجیتاڵکردنی سەرکەوتووی ئەم دواییەی ئیمارات، دەگوازنەوە.
هەروەها لە 29ـی ئازاری 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری کاروباری کابینەی ئیمارات، یاداشتێکی لێکگەیشتنیان لەسەر حوکمڕانی و ئاڵوگۆڕی زانیاری ئیمزا کرد.