سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەکات

ڕۆژی چوارشەممە 12ی شوباتی 2025 لە سەلاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستیڤن هیچن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و دوا گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە و هەروەها دۆخی گەلی کورد لە سوریا و مەترسییەکانی بەردەم سەقامگیریی ناوچەکە تاوتوێ کران.

هەر لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.
جێگەی ئاماژەپێکردنە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق کە کۆتایی بە ئەرکەکانی هاتووە ماڵئاوایی لە سەرۆک بارزانی کرد، سەرۆک بارزانیش هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.