سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی جەخت لە گرنگیی سوودوەرگرتنی هەرێمی کوردستان لە ئەزموونی پێشکەوتوو و دەوڵەمەندی ئیمارات لە بواری وەبەرهێناندا دەکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممەمە، 12-02-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان, لە دووەم ڕۆژی بەشداریکردنیدا لە لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی، لەگەڵ محەممەد حەسەن سوەیدی وەزیری وەبەرهێنانی دەوڵەتی ئیمارات کۆبووەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت ئامادەی بوو، جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە لە بواری وەبەرهێنان و سوودوەرگرتنی هەرێمی کوردستان لە ئەزموونی پێشکەوتوو و دەوڵەمەندی ئیمارات لەم بوارەدا کرایەوە.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە شاری دوبەی، لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات کۆبووەوە. هەر لە پەراوێزی لووتکەکەدا، تاوەکوو ئێستە زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی دیکەی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان کردووە.
لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان ڕۆژی سێشەممە، 11-02-2025، لە شاری دوبەی دەستی پێ کردووە و کارەکانی تاوەکوو سبەینێ پێنجشەممە، 13-02-2025، بەردەوام دەبن.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ڕۆژی دووشەممە، 10-02-2025، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومی، بۆ بەشداریکردن لە لووتکەکە، گەیشتە ئیمارات و ئەمە چوارەم ساڵە لەسەر یەک، بانگهێشت دەکرێت.
ئەندامانی ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکات بریتین لە:
1. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
2. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار.
3. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران.
4. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.