سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و وەزیری دارایی تورکیا، جەخت لە دەستپێکردنەوەی ڕێکارەکانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا دەکەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرواێزی لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی، لەگەڵ محەممەد شیمشەک، وەزیری دارایی تورکیا کۆبووەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە “لە دیدارەکەدا جەخت لە برەدوان بە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا کرا، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری و وەبەرهێناندا.”
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا “هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا تاوتوێ کرا .”
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا “باس لە گرنگیی ئەنجامدانی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەیەکەوەبەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و وڵاتانی ئەورووپا لە ڕێگەی هێلی ئاسنین کرا و هەردوولا هاوڕابوون لە سەر پێویستیی بەشداریی کارای هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژە گرنگەدا.”
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی لووتکەکەدا، لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات و ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان کۆبووەتەوە.
لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان ڕۆژی سێشەممە، 11-02-2025، لە شاری دوبەی دەستی پێ کردووە و کارەکانی تاوەکوو سبەینێ پێنجشەممە، 13-02-2025، بەردەوام دەبن.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ڕۆژی دووشەممە، 10-02-2025، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومی، بۆ بەشداریکردن لە لووتکەکە، گەیشتە ئیمارات و ئەمە چوارەم ساڵە لەسەر یەک، بانگهێشت دەکرێت.
ئەندامانی ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکات بریتین لە:
1. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
2. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار.
3. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران.
4. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.