وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووتەوە و تێیدا هاتووە، “ئەمڕۆ 11ـی شوباتی 2025، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری وەزارەتەکە، لەگەڵ تیمی هەماهەنگی ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی کۆڵۆنێڵ گاڤین رایس، بەرپرسی ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایش کۆ بووەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوو، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چەند بابەتێکی گرنگ سەبارەت بە هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کرا، هەروەها وەزیری پێشمەرگەش هاوکاری و پاڵپشتییە بەردەوامەکانی ئەمەریکای بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەرز نرخاند و ڕاشیگەیاند، “پشتیوانیی ئەمەریکا و هاوپەیمانان پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی و بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکانی هێزەکە، ئومێد دەکەین پشتیوانییەکان زیاتر و بەردەوام بن.”
لە ڕاگەیندراوەکە ئاماژە بەوە دراوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها باس لە دامەزراندن و دەستبەکاربوونی فیرقەی پێنج و شەش کرد لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە چوارچێوەی دوو ناوچەی سەرکردایەتی.
هەروەها وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: ناوچەی سەرکردایەتی سەربازیی و فیرقەکانی پیادە بەشێکی گرنگ و ستراتیجین لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بەمەش هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی بنیات دەنرێت.
لە کۆتاییدا ڕاگەیەندراوەکە، باس لەوە کراوە، “لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە بەردەوامی پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی زیاتری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و ئۆفیسی هەماهەنگی ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کردەوە.”