ئەمڕۆ سێشەممە 2025.2.11، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکانى پڕۆژەکە، بە یاوەرى كارزان هادی، سەرۆكی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەری شارەوانیی سنوورەكە، پڕۆژەی قیڕتاوكردنی شەقامی سەرەكیی ( هەولێر – بەحركە )ى بەسەرکردەوە، کە بە گۆژمەى ( 1 ملیار و 645 ملیۆن دینار ) لەسەر بودجەى وەزارەتى شارەوانى بەشێوەى بەڵێندەرایەتى دەست بە جێبەجێکردنى کراوە.
لە بەسەرکردنەوەکەیدا، پارێزگارى هەولێر وێڕاى دەستخۆشى لە ئەندازیار و سەرپەرشتیاران و کرێکارانى پڕۆژەکە، جەختى لەوە کردەوە، لە پێناو خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییان و باشترکردنى ڕەوشى هاتووچۆ و گرنگیدان بە ڕێگا و بان و شەقامەکان و کەمکردنەوەی ئاستەنگەکانى هاتووچۆ، هەوموو هەوڵێکى خۆمان خستۆتەگەڕ، هەروەها پڕۆژەى قیڕتاوکردنى ئەو شەقامەشى، کە یەکێکە لە شەقامە گرنگەکانى هەولێرى پایتەخت و ڕۆژانە هاوڵاتییان بەكاری دەهێننن و كارئاسانییەكی زۆر بۆ جووڵە و هاتوچۆی خەڵك دەكات لە شەقامی بازنەیی خێراى 150 مەتریی و شەقامی بازنەیی خێراى 120 مەتریی بۆ ناو هەولێر بە گرنگ و پێویست وەسف کرد.
جێگەى باسە، پڕۆژەی قیڕتاوكردنی شەقامی سەرەكیی ( هەولێر – بەحركە )، پێکدێت لە دوو قۆناغ، قۆناغی یەكەم کە درێژیەکەى زیاتر لە یەک كیلۆمەتر و نیوە، شەقامەکە بە شەقامی خێراى بازنەیی 120 مەتری دەبەستێتەوە، قۆناغی دووەمیش کە بە درێژایی 4 كیلۆمەتر و نیو زیاترە، شەقامی خێراى بازنەیی 120 مەتری بە شەقامی خێراى بازنەیى 150 مەتری دەبەستێتەوە.